ئەم سێ پۆلینە باوترین ئاراستەکانی خواستی ڕەگەزییە لای خەڵک، بەڵام ئەوەی زۆربەمان نایزانین ئەوەیە کە زۆر پۆلێنبەندی دیکە هەن کە یان دەکەونە ژێر ئەو سێ پۆلینە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە یاخود پۆلینبەندییەکی جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەیە.
سێکسنەخەوازی یەکێکە لەوانە کە زۆر کەس لێی بێئاگایە یاخود زانیاری هەڵەمان لەسەری هەیە.
کەواتە سێکنەخوازی چییە؟
لە پێناسە کورتەکەیدا سێکسنەخوازی بریتییە لە نەبوون یاخود کەمبوونی ئارەزووی سێکسی. کەسانی سێکسنەخواز ئەزموونی سەرنجڕاکێشانی سێکسی ناکات بەرامبەر جێندەرەکانیتر بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە خواستییان بۆ خۆشەویستی یاخود پەیوەندی سۆزداری نەبێت، بەڵکو کەسانی سێکسنەخواز لە پەیوەندییەکانیان زیاتر پشت بە سۆز و خۆشەویستی و ڕۆمانسیەت دەبەستن. دەکرێ ئارەزووی سێکس کردن لە حاڵەتی زۆر سنوورداردا ڕووبدات ئەگەر هاتوو بە شێوەیەکی یەکجار قووڵ لە پەیوەندی خۆشەویستیدا بن لەگەڵ هاوبەشەکانیان.
ئەو هەستی سێکسنەخوازییە نە نەخۆشییە نە هەڵبژاردنە کە مرۆڤ ئەنجامی بدات. هەر کەسێک لە هەر زایەند و تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەیەک بێ دەکرێ سێکسنەخواز بێت، ئەوانیش وەکوو هەر کەسێکی تر کەسانی ئاسایین بەڵام پێویستیان بە سێکس نییه لە ژیاندا.
تێگەیشتنە هەڵەکانی سەر سێکسنەخوازی وەکوو شوناسێکی جێندەری
- سێکسنەخوازی بەڵێنێکی کەسی نییه بۆ سێکس نەکردن لە ژیاندا. (هەندێک لە سێکسنەخوازەکان لە هەندێ حاڵەتدا سێکس ئەنجام دەدەن و هەندێکش هەرگیز ئەنجامی نادەن).
- سێکسنەخوازی هاوواتای مانەوە بە سەڵتی نییە بۆ هەتا هەتایی. (بەشێک لە سێکسنەخوازەکان لە پەیوەندی دان بەشێکیشیان پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجام داوە).
- سێکسنەخوازی شوناسێکی جێندەری یاخود ڕەگەزی نییه. (دەکرێت کەسێک بۆ نموونە دوو ڕەگەز یاخود ڕەگەزگۆڕ بێت و سێکس نەخوازیش بێت).
- سێکسنەخوازی نەخۆشی یاخود تێکچوونی دەروونی نییە. (دەکرێ کەسی سێکسنەخواز نەخۆشی جەستەیی یاخود دەروونی هەبێت وەکوو هەر کەسێکی ئاساییتر).
- سێکسنەخوازی هەڵبژاردە نییه.
- سێکسنەخوازی ناهاوسەنگی هۆرمۆنی نییه.
- سێکسنەخوازی ترس نییە لە پەیوەندی بەستن و لە سێکس و هاوسەرگیری.
هەست و سۆز بنەمای سێکسنەخوازییە
سێکسنەخوازی ئاڕاستەیەکی سێکسییە وەکوو جیاڕەگەزخوازی و هاوڕەگەزخوازی، وەکوو ئەوە وایە جیاڕەگەزخواز یان هاوڕەگەزخواز بیت وە لەبەر ئەوەی خواستێکی ڕەگەزییە کەوایە پەیوەندی بە جۆری هەست کردنی کەسەکە هەیە نەوەک کرداری کردن.
پەیوەندی بەستنی سۆزداری یان خۆشەویستی و سێکس کردن و دەستپەڕکردن وهاوسەرگیری کردن و منداڵبوون بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سێکسنەخوازیدا ناکۆک نین. زۆر هۆکار هەیە کە وا لە کەسی سێکسنەخواز دەکات ئەو کارانە بکات بێ ئەوەی ئارەزوو یاخود سەرنجڕاکێشانی تەواوی سێکسی هەبێت لەسەری. دەکرێ لە هەندێ حاڵەتدا کەسی سێکسنەخواز سێکسیش بکات بێ ئەوەی ئەزموونی سەرنجڕاکێشانی سێکسی بکات بۆ ئەمەش زیاتر پشت بە هەست و لایەنی سۆزدای دەبەستێت. هەروەها ورژاندن و ئۆرگازم کردن ناکۆک نین لەگەڵ سێکسنەخوازی.
دەتوانین پرسیارگەلێکی وەکوو: ئایا کەسانی سێکسنەخواز پەیوەندی سۆزداری دەبەستن؟ یاخود عاشق دەبن؟ وە یان کەسانی سێکسنەخواز کرداری دەستپەڕ و سێکس ئەنجام دەدەن؟ ئایا حەزیان لە پیتزایە؟! بە ڕستەیەکی ساکاری (هەندێکی دەیکەن و هەندێکش نایکەن) وەڵامی بدرێتەوە.
کەسانی سێکسنەخواز خاوەنی ئارەزوو و خولیای تاکەکەسی و کەسایەتی تایبەت بە خۆیانن، بە گشتی مەحاڵە گشتاندن لەسەر حەز و خواستەکانیان بکەین وەکوو هەر چینێکی تری کۆمەڵگە.
خواستی ڕەگەزی و خواستی سۆزداری
جگە لە خواستی ڕەگەزی، خواستێکی تر هەیە پێی دەوترێت خواستی سۆزداری یاخود رۆمانسی، هەندێک کەس لە ڕێگەی هەست و سۆزەوە سەرنجیان ڕادەکێشرێت. لە لای زۆرینەی خەڵک هەردوو خواستی سۆزداری و خواستی ڕەگەزی یەکدەگرن و پێکەوە دەبن ، لەبەر ئەوە تێگەیشتن لەوەی کە هەردوو خواست (سۆزداری و سێکسی) دوو چەمکی جیاوازن ئەستەم دەبێت لە لایان.
زۆر جار خواستی سۆزداری بە هەمان وەسف و ناوی هاوتەریب و هاوواتای خواستە ڕەگەزییەکان باس دەکرێت، بۆ نموونە کەسێکی جیاڕەگەزخواز، ڕەگەزی بەرامبەر سەرنجی ڕادەکێشێ وە یاخود کەسێکی هاوڕەگەزخواز هەستی سەرنجڕاکێشانی بۆ هاوڕەگەزی خۆی هەیە تاد.. بەڵام کەسانی سێکسنەخواز خواستی ڕەگەزییان جیایە لەگەڵ خواستی سۆزدارییان.
کەوایە چۆن بزانم کە من سێکسنەخوازم یان نا؟
ئەگەر دەتەوێت بزانیت کە تۆ سێکسنەخوازی یان نا دەبێت ئەم پرسیارە لە خۆت بکەیت: ئایا ئارەزووی سێکسکردنت هەیە؟ ئەگەر وەڵامەمە نەخێر بێت ئەوا تۆ کەسێکی سێکسنەخوازی. هەرچەندە کێشەی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە سێکسکردن یاخود سەرنجڕاکێشانی سێکسی دەستەواژەیەکی ناڕوونە، زەحمەتە بتوانی بڵێت کە ئارەزووی سێکس ناکەیت ئەگەر بە شێوەیەکی کرداری ئەزموونت نەکردبێت.
ئەگەر هێشتا دڵنیا نیت، کۆمەڵێک پرسیار هەیە کە یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕێنماییکردنت بۆ ئەوەی زیاتر لە خواستەکانی خۆت تێبگەیت، هەرچەندە وەڵامی ئەم پرسیارانە مەرج نییه یەکلاکەرەوە بێت بۆ ئەوەی بڵێیت کە تۆ کەسێکی سێکسنەخوازیت یان نا بەڵکو تەنیا یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی لە هەستەکانت زیاتر تێبگەیت.
- ئایا بە گشتی ئارەزووی سێکست هەیە؟
- ئایا حەزکردنت بۆ سێکس زیاترە یاخود سۆزداری؟
- ئایا هەست بە دڵەڕاوکی و سەرڵێشواوی دەکەیت کاتێک کەسانی دەووروبەرت باس لە سێکس دەکەن؟
- ئەگەر کرداری سێکست ئەنجام دابێت، ئایا چێژت لێبینی یاخود بە تەواوی بێزارکەر بوو؟ وە یاخود ئەو ئەزموونە سەرسوڕهێنەرەت کرد کە کەسانی تر ئەزموونیان کردووە؟
- ئایا هەرگیز لەگەڵ کەسێک چوویتەوە دەرەوە یاخود سێکست کردووە کە وات هەست کردبێت دەبووایە وا بکەیت بێ ئەوەی ئەو خواستەت هەبووبێت؟
- ئایا هەست بە تێکشکاوی و دڵشکاوی دەکەیت کاتێک بە هەمان قەبارەی کەسانیتر چێژ لە سێکس کردن وەرناگریت؟
هەوڵبدە بە ڕاستگۆیی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەیتەوە کە یارمەتیدەرن بۆ دۆزینەوەی خود، وە ئەگەر گومانت هەیە کەسێک سێکسنەخوازە دەتوانی بچیتە لای و بە ڕاشکاوی باسی ئەو بابەتەی لەگەڵ بکەیت بۆ ئەوەی زیاتر و قووڵتر تێگەیشتن لەسەر سێکسنەخوازی دروست بکەیت.
کەسی سێکسنەخواز دەکرێ جیاڕەگەزخواز یان هاوڕەگەزخواز وە یان دووڕەگەزبێت، سەرنجڕاکێشانی سۆزداری وابەستەی خواستێکی دیاریکراو وە یان چینێکی مرۆڤ کەسێک نییە.