ئێران بە نیازە دوو ژنی دیکە لەسێدارە بدات

خاڵە سەرەکییەکان

زەهرا سدیقی هەمەدانی و ئیلهام چوبدار لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی پشتیوانی کردنی هاوڕەگەزخوازی دەستگیرکران. ئێران بە نیازە لە سێدارەیان بدات و نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات کە فەرمانی لەسێدارەدانیان هەڵبوەشێنێتەوە.

هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی و بەڕێوەچوونی سەدان خۆپیشاندان لە ناوەوەی ئێران و تەواوی جیهان، ئێران لە ڕێگەی دادگای شۆرشی ئورمیە فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ هەردوو ژن بە ناوەکانی زەهر سدیقی و ئیلهام چوبدار سەپاند و بە نیازە فەرمانەکە جێبەجێبکات وە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئێران دەبێت ئەو فەرمانە هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە بەرواری 4ی ئەیلول زەهرا سدیقی هەمەدانی ناسراو بە سارا تەمەن 31 ساڵ و ئیلهام چوبدار تەمەن 24 ساڵ بە تۆمەتی (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و خراپەکاری لەسەر زەوی) لە دادگای شۆرشی ئورمیە لە باکووری ڕۆژئاوی ئێران تاوانبارکران و دواتر لە مانگی تەمووزدا بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. هەروەها هەردوو ژن بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ میدیای دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکاریکردنی چەند کەسێک بە مەبەستی ڕاکرن لە ئێران و ڕژێمەکەی تاوانبار کران.

نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد فەرمانی لەسێدارەدانی سارا و ئیلهام هەڵبوەشێنێتەوە، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: «ئێمە ئیدانەی بڕیاری لەسێدارەدانی خاتوو سارا و ئیلهام دەکەین و داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکەین بە زووترین کات فەرمانی لەسێدارەدانیان هەڵبوەشێنێتەوە.» هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «پێویستە بە زووترین کات لە زیندان ئازاد بکرێن و تەندروستییان پارێزراوبن.»

زەهرا لە کاتی هەوڵدانی بۆ هەڵهاتن لە ئێران دەستگیر کرا و تاوەکو ئێستا حکومەتی ئێران بە فەرمی هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم دۆسیە نەداوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکات کە ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر هەواڵی دەستدرێژی کردنە سەر ئەو دوو ژنە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «داوا لە کاربەدەستانی ئێران دەکەین کە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو هەواڵانەی کە باس لەسەر دەستدرێژی کردنە سەر سەر خاتوو زەهرا لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دەکەن وە هەروەها لێداون لەسەر دیارنەمانی ناوبراو بۆ ماوەی 57 ڕۆژ بدەن.»

پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندبوو کە زارا سدیقی تەنیا بە هۆی ڕەگەزەکەی و ئاشکراکردنی شوناشی ڕاستەقینەی خۆی و پۆستەکانی لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بۆ پشتگیریکردنی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دوور لە هەر ڕێوشوێنکی نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

لە ئێستادا حکومەتی ئێران وەڵامی داخوازی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤی نەداوەتەوە وە نازاندرێت کە فەرمانەکە جێبەجێدەکات یاخود نا چونکە فەرمانی لەسێدارەدانی ئەو دوو ژنە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دروستبووە.

شارەزایان دەربارەی بڕیارەکەی حکومەتی ئێران دەڵێن کە دەبێت کاربەدەستانی ئێران زیاتر کار لەسەر ڕێگریکردن لەو تاوانانە بکەن کە حکومەتی ئەم وڵاتە دژ بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئەنجامییان دەدات بێ گوێدانە پێی مافەکانی مرۆڤ.

ئەم بابەتە بڵاوی بکەنەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر