کچێکی ترانسجێندەر لە دهۆک لەلایەن براکەوەی دەکوژرێت

لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، پۆلیسی دهۆک لە ڕێگای کەناڵی ڕووداوەوە ڕایگەیاند کە گەنجێک لە گوندی بابوخکێی لە ناحیەی مانگیش، سەر بە شاری دهۆک کوژراوە.

خاڵە سەرەکییەکان

  • پۆلیسی دهۆک دەڵێن برایەک خوشکە ٢٣ ساڵەکەی خۆی کوشتووە
  • یەکێک لە براکانی بکوژەکە دوای سێ ڕۆژ هەواڵی بە پۆلیس داوە
  • دۆسکی ئازاد لە ٢٠١٧دا لە خێزانەکەی جوودا بووەوە، بەڵام ئەوان لە هەڕەشەکردن بەردەوام بوون
  • کەمپینی «دادپەروەری بۆ دۆسکی ئازاد» لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێ دەکات
  • بەشێکی زۆری دیموتیکراسیخوازان و چالاکوانانی کۆمەڵەی مەدەنی تووڕەیی خۆیان دەربڕی
  • ڕێکخەری پەیوەندییە گشتییەکان، دیندار زێباری، لێدوانێک لەسەر کەیسەکە دەدات

لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە قوربانییەکە ناوی دۆسکی ئازادە و ٢٣ ساڵە، لە لایەن براکەیەوە کە ناوی چەکدار ئازادە کوژراوە. چەکدار لە دەرەوەی وڵاتەوە دوو هەفتە لەمەوبەر گەڕاوەتەوە بۆ ئەنجامدانی پلانەکەی، کە گۆڕانکارییەکانی دۆسکی پاڵنەری ئەم کارەی بوون.

لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ئەوەشییان دەرخستووە کە تاوانەکە لە ٢٨ی مانگی یەک ئەنجامدراوە، کە دەکاتە سێ ڕۆژ پێش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە. براکانی تری دۆسکی و باوکی ڕەتیدەکەنەوە کە هیچ لێدوانێک بە میدیاکان بدەن لەبارەی تاوانی کوشتنی دۆسکییەوە. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، تەواوی هەژمارەکانی دۆسکی لە سۆشیاڵ میدیا لە پاش تاوانەکە سڕدراونەتەوە.

میدییاکان توانییان پەیوەندی بە عەبدولڕەحمان عەزیزی ئامۆزای دۆسکییەوە بکەن تا لێدوانێکییان پێبدات. عەبدوڵڕەحمان ڕایگەیاندووە کە ئەوان هیچ ئاگاداری ڕووداوەکە نەبوون لە ئێوارەی ١ی مانگی شوباتدا پێیان زانیووە. «ئێمە چووین بۆ گۆڕستان تا لاشەکە بنێژین، دادوەرەکە پەیوەندی پێوەکردین بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر لاشەکە و دواتر گەڕاینەوە».

پۆلیس دەڵێت گوایە تاوانبارەکە سێ ڕۆژ لە پاش ئەنجامدانی تاوانەکەی پەیوەندی پێوەکردوون و جێگای لاشەکەی ئاشکراکردووە. پاشان برایەکەی پەیوەندی کردووە تا لە ڕووداوەکە ئاگادارییان بکاتەوە. پاشا هێزەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکەو تەرمی دۆسکییان دۆزیوەتەوە، کە دوو گولەی پێوە نراوە، یەکێک لە سەری و یەکێک لە سنگی. بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕووداو، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا چەکدار بە ئۆتۆمۆبێل بەرەو تورکیا ڕۆیشتووە و کوردستانی بەجێهێشتووە.

لە هەمان ڕاپۆرتدا ئاماژە بەوە کراوە کە دۆسکی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە خێزانەکەی جودابووەتەوە و بەڵام ئەمە خێزانەکەی لە شوێنکەوتنی و هەڕەشە لێکردنی بە مەرگ نەوەستاندووە. مامی دۆسکی بە ناوی دلۆڤان سدیق بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە کە لەو کاتەوە دۆسکی نەبینیوەتەوە. یەکێک لە هاوڕێکانی دۆسکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند کە باوکی دۆسکی دەستی بەسەر پاسپۆرت و ناسنامە و دۆکیومێنتەکانی دۆسکیدا گرتووە.

شایەنی باسە کەمپەینێک بە ناوی «دادپەروەری بۆ دۆسکی ئازاد» لە تویتەر دەستیپێکردووە، زۆرێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان و کەسانی بەناوبانگ بەژدارییان لەم کەمپەینەدا کردووە. بەشێک لەو کەسانە باس لەوە دەکەن کە بەپێی زانیارییەکانی بەردەستن، واپێدەچێت کە براکەی دۆسکی لە ئەڵمانیا بژی، کە بەشێکە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. پۆلیس ئاشکرای نەکردووە کە ئاخۆ تاوانبار لە پێش تاوانەکەدا لە کام وڵات ژیاوە، بەڵکو تەنها ڕایگەیاندووە کە «لە دەرەوەی وڵات ژیاوە». ڕادیۆیەکی کوردی لە هەولێر بە ناوی بابیلیۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە کە «پیاوێک لە ئەڵمانیاوە گەڕاوەتەوە تا خوشکەکەیبکوژێت…».

کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بە فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە ڕایگەیاندووە کە  «شکۆی مرۆڤ دەبێت بپارێزرێت»، کە بە هەر سێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و ئەڵمانی لەتەنیشت وێنەیەکی دۆسکیدا نووسراوە. ئۆلیڤەر دێکۆتگینیس، جەنەڕاڵی کونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر، لە پاش تویتەکەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا و لە هەژماری تایبەتی خۆیەوە هەمان ڕای دەربڕیوە و زمانی فەڕەنسیشی بۆ نووسینەکە زیاد کردووە. هەروەها یەکسانی پەیوەندی بە باڵوێزخانەی ئەمریکاوە کردووە تا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەن.

پۆلیس ڕایگەیاند کە لە ئێستادا هیچ کەس دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە. کەیسەکە بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لە تویتێکدا ژیار عەلی، چالاکوانی کوردی مافەکانی کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت ئەو خێزانە وەک بەشێک لە تاوانە ڕەفتارییان لەگەڵدا بکرێت.

دیندار زێباری، کە ڕێکخەری پەیوەندییە گشتییەکانە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە «سەرەڕای ئەوەی هەندێک دیاردە هەن کە پێچەوانەی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانن، بەڵام ئەم دیاردانە دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و دادگاکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. هەرێمی کوردستان هەر شوێنێکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ پڕاکتیزەکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان.»  بەڵام پڕ ناڕوونی ئەم تویتە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئاماژەی پێدرا.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، کوشتنی دۆسکی تاوانێکی پلانبۆداڕێژراو بووە، کوشتن لەژێر بیانوی شەرەفدا زۆربەی جارەکان بە ڕێککەوتنی ئەندامانی خێزانەکە ڕوودەدات. دۆسکی نەک تەنها لەلایەن ئەندامانی نزیکی خێزانەکەیەوە، بەڵکو لەلایەن کەسانی دووری تایەفەکەشییەوە هەڕەشەی مەرگی پێگەیشتبوو.

پشکۆ زەندی، چالاکوانی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە «تاوانبار تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو ئەو سیستمەیە کە تاوانبار گەورە و پەروەردە دەکات»، هەروەها گووتی کە «دەبێت کەیسەکەی دۆسکی بە ئەنجامێک بگات، بەهەمان شێوەی هەر شوێنێکی تری ئەم دنیایە. تاوانبار هێشتا لەناوماندایە و دێت و دەچێت، کەسیش نازانێت کێیە. کەسێک ڕەحم بە خوشکەکەی خۆی نەکات، بە هیچ کەسێکی تریشی ناکات»

ئەم بابەتە هاوبەش بکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر