هاوکات، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەرەو خراپبوون دەچێت، هەم بۆ ژنان، هەم بۆ کەمینە سێکسییەکانی وەک کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەش.
لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک مەرجی زۆر سەیریان بۆ دانیشتوانە نێرینەکانیان داناوە، بۆ نموونە نابێت ڕیشیان بتاشن و کاتێک تیشێرت یاخود هەر جۆرە پۆشاکێک کە پۆشاکی نەتەوەیی نییە دەپۆشن لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئاستەنگیان لەبەردەم ژنان دروست کردووە بۆ خوێندن، بە شێوەیەک کە لەبەردەم زانکۆکان دەوەستن و هەموو ئەوانەی ژنن ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە و پێیان دەوترێت «تۆ ژنیت، شوێنی تۆ ماڵەوەیە.» ئەو گرووپەی ڕووبەڕووی مەترسیدارترین دۆخ بوونەتەوە، ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەن، کە کراونەتە ئامانج بۆ کوشتن.

نیعمەت سەعدات، چالاکوانێکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کە لە ئەمریکا دەژی، دەڵێت کە زیاد لە 500 ئەندامی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە نامەیان بۆ ناردووە تاکوو داوای یارمەتی لێ بکەن بۆ هەڵهاتن لە ئەفغانستان لە پێناو سەلامەتییان. یەکێک لەوانە پیاوێکە کە خۆی حەشارداوە تاکوو تاڵیبان نەیدۆزنەوە، خۆشەویستەکەیان سەربڕیوە و ئێستاش بەدوای ئەودا دەگەڕێن.
ژنێکی هاوڕەگەزخواز کە لەپێشوودا بەزۆر درابوو بە شوو، ئێستا خۆی شاردووەتەوە دوای ئەوەی هەواڵی پێگەیشت کە هاوسەری پێشووی بەدوایدا دەگەڕێت تاکوو ڕادەستی تاڵیبانی بکات، و هەواڵی بە سعداد داوە کە ئەگەر بگیرێت، تاڵیبان بەردبارانی دەکەن تاکوو دەمرێت.
لە کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان (ناوسراو بە کۆمەڵی ئیسلامی) لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دووان لەو لایەنە سیاسیانە بوون کە پیرۆزباییان بۆ تاڵیبان نارد دوای ئەوەی ئەفغانستانیان کۆنترۆڵ کرد و، لەکاتێکدا هیچ وڵاتێکی جیهان دانی بە حکومەتی تاڵیبان نەنابوو، ئەوان و لایەنە ئیسلامییەکانی تر دانیان پێدا نا. پێش ئەم ڕووداوانە، ئەندام پەرلەمانێکی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان سکاڵای لەسەر ڕێکخراوەی ڕاسان تۆمار کرد، کە یەکێک بوو لەو ڕێکخراوانەی بۆ مافی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەی تێدەکۆشی. ئەمە وامان لێ دەکات بیر بکەینەوە: ئایا ئەمانیش هەوڵ بۆ هەمان داهاتوو دەدەن بۆ هەرێمی کوردستان؟