حەوت ڕاستی دەربارەی مانگی سەربەرزی

خاڵە سەرەکییەکان

مانگی حوزەیران مانگی سەربەرزییە کە هەموو ساڵێک لەم کاتەدا کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە جیهاندا کۆدەبنەوە و ئاهەنگی ئازادی و شانازی بەخۆکردن و سەربەرزی ڕێک دەخەن. مانگی سەربەرزی تەنیا ئاهەنگ گێران و خۆشی دەڕبڕین نییه، بەڵکو بۆنەیەکیشە بۆ ناڕەزایی دەڕبڕین کە تێدا چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە یەکگرتوویی و پێکەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان پەیامی ئازادی و پێکەوە ژیان و قبوڵکردنی جیاوازییە جێندەرییەکان دەگەیەنن. مانگی سەربەرزی دەرفەتێکە بۆ سەرنج خستنە سەر ئەو ستەم و نادادپەروەرییانەی کە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بەردەوام لە کۆمەڵگا جیاوازەکان دووچاریان دەبێتەوە.

بەڵام بەڕاستی تا چەند سەبارەت بە مێژووی مانگی سەربەرزی کە ئێستا بووەتە بۆنەیەکی جیهانی دەزانین؟ لە خوارەوە حەوت ڕاستی دەربارەی ئەو مانگە دەخەینە ڕوو:

مانگی سەربەرزی بۆ یادکردنەوەی پشێووییەکانی ستۆن وۆڵ لە مانگی حوزەیران بەڕێوەدەچێت

لە کاتژمێرە بەرەییەکانی رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٩ پۆلیس هەڵیکوتایە سەر باڕێکی هاوڕەگەزخوازان ناسراو بە ستۆون وۆڵ ئین لە گوندی گرینویچ لە نیویۆرک و کۆمەڵیک لە هاموشوکارانی ئەو باڕەی دەستگیرکرد. بەشێک لەوانەی کە باڕەکەیان بە لێدان و هەڵکوتان پێ چۆڵکرا بڕیاریان دا چیتر بێ دەنگ نەبن لە ئاست پێشڵکاری و توندوتیژییەکانی پۆلیس و بەرهەڵەستی ئەو ڕەشبگێرەی پۆلیسیان کرد پشێوویی لە نێوانیاندا دروست بوو لە ئەنجامدا زنجیرەیەک ناڕەزایەتی دەڕبڕینی شەش رۆژە لە دەورەوبەری بارەکە دروست بوو. ئەم رووداوە ساتێکی وەچەرخانبوو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ستەم و جیاوازکارییە کەمینە جێندەرەییەکان لە جیهان. ساڵێک دواتر یەکەمین ڕێپێوانی سەربەرزی بۆ یادکردنەوەی ڕووداوەکانی ستۆن وۆڵ بەڕێوەچوو.

ڕووداوەکانی ستۆن وۆڵ بووە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی مافی هاوڕەگەزخوازان

ڕووداوەکانی ستۆن وۆڵ و مانگی سەربەرزی دووانەی لێک دانەبڕاون. هەرچەندە پێشتر چەند هەوڵێکی تر هەبوون بۆ ناساندنی مافی کەمینە جێندەرییەکان بەڵام بەشێکی زۆری چالاککوان پێیان وایە کە ڕووداوەکانی پشێوویی ستۆن وۆڵ سەرەتاییەکی وەچەرخان بوو بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوە مەدەنییەکان بۆ داواکردنی مافی هاوڕەگەزخوازان لە جیهاندا.

سەرهەڵدانی ستۆن وۆڵ هانی تێکەڵکردنی بزووتنەوەکانی داواکردنی ئازادییە جیندەرییەکانییدا کە لە شێوەی ڕێکخراودا کارەکانیان یەک بخەن و لە ئەنجامدا بەرەی ڕزگاریخوازی هاوڕەگەزخوازان و هاوپەیمانی چالاککوانانی هاوڕەگەزخوازی دروست بوون. ئەندامانی ئەو بزووتنەوانە ڕێپوانیان ساز دەکرد و لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان کۆدەبوونەوە و دەچوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان بۆهەڵبڕینی دەنگی کەمینە جێندەرییەکان و داواکردنی مافی هاوڕەگەزخوازان.

یەکەم ڕێپێوانی سەربەرزی هاوڕەگەزخوازان لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەچوو

زۆربەی خەڵک ئەو ڕاستییە دەزانن کە یەکەم ڕێپێوانی سەربەرزی لە ساڵی ١٩٧٠ بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی ستۆن وۆڵ بەڕێوەچووە. هەرچەندە ڕێپێوانی ڕۆژی ڕزگاری هاوڕەگەزخوازانی شەقامی کریستۆفەر لە شاری نیویۆرک بە شێوەیەکی بەرفراوان بە یەکەم نمایشی سەربەرزی دادەنرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم ڕێپێوانە ڕۆژێک دوای ڕێپێوانی شیکاگۆ ئەنجام درا کە بەمەش شیکاگۆ لە ڕووی تەکنیکیەوە دەکاتە شوێنی سەرهەڵدانی نمایش و ڕێپوانەکانی سەربەرزی.

برێندا هاوارد بە دایکی مانگی سەربەرزی دادەنرێ

برێندا هاوارد ژنە تارانسجێندەرێکی پێشەنگ و چالاککوان و فێمینیست بوو کە ڕۆڵێکی باڵای هەبوو لە ئەنجامدانی یەکەمین ڕێپێوانی سەربەرزی کە ساڵێک دوای ڕووداوەکانی ستۆن وۆڵ لە ئەمەریکا بۆ یادکردنەوەی پشێوویەکە ئەنجامدرا. برێندا لەگەڵ هاوڕێکانی کۆمەڵێک چالاککیتریان لە پاڵ ڕێپێوانەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەنجامدا.

لەبەر دەستگیرکردنە بەردەوامەکانی و ڕۆڵی پێشەنگەرایی لە ڕێکخستنی ڕێپێوانەکانی سەربەرزی بریندا بە دایکی سەربەرزی ناوی دەبڕیت.

ئاڵای سەربەرزیی پەلکەزێڕینە لە ساڵی 1978 دروست کرا

ڕەنگەکانی ئاڵای پەلکەزێرینە هەموو جیهانی تەنیووە هەر لە بەرهەمەکانی ناو فرۆشگاکانەوە تا ڕەنگی سەر دیوار و هێلەکانی پەڕینەوەی شەقامەکان بەڵام ئەم ڕەنگ و هێمایانە لە کوێوە هاتوون؟

لە ساڵی ١٩٧٨ هونەرمەند و دیزاینەر و چالاککوان لە بواری مافی هاوڕەگەزخوازان جیلبێرت بەیکەر لەلایەن سەرپەرشتیاری شاری سانفرانسیسکۆ ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی ئاڵایەک بۆ یادەکانی سەربەرزی داهاتووی شارەکە دیزاین بکات. جیلبێرت بە سوود وەرگرتن لە هێلەکانی ئاڵای ئەمەریکا و ڕەنگەگانی پەلکەزێرینە کە دیاردەیەکی سروشتییە ئاڵاکەی نەخشاند بە جۆرێک هەر ڕەنگێک تەعبیر لە ناسنامەی گروپێکی جێندەری بکات. زۆری نەبرد ئاڵاکە لە هەموو جیهان بڵاوبۆوە و تاوەکو ئـێستا وەکو هێمایەک بۆ کۆمەڵگای پەلکەزێڕینە بەکاردەهێندرێت.

مانگی سەربەرزی وەڵامێکی سروشتی بوو بۆ ئەو خواستەی کە پێی وابوو کەسانی هاوڕەگەزخواز نەخۆشیی دەروونیان هەیە

لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، هاوڕەگەزخوازی بە نەخۆشییەکی دەروونی دادەنرا. هەندێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە هێشتا لە ژێر پراکتیزەکردنی “گۆڕین”ی زانستی ساختەدا بوون لەلایەن پزیشکانی دەروونییەوە، لە لایەکیتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هاوڕەگەزخوازی وەکو تاوان دەناسێندرا. ئەو هۆکارانە دەبوونە هۆی پەراوێزخستنی کەسانی هاوڕەگەخواز لە کایەکانی ژیان و وایان لێدەکرا هەست بە شەرمەزاری بەرامبەر ناسنامە و خواستی جێندەری خۆیان بکەن. هەر بۆیە گونجاوە ئەگەر خەباتی ساڵانی زووی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەربەرزی لە دەوری ئەو بیرۆکەیە چڕ بووبێتەوە کە دەبێ کەسانی هاوڕەگەزخواز سەربەرزانە بژین و شانازی بە خۆیان و ناسنامەی ڕەگەزییان بکەن. ئەم بیرۆکەیە بنەمای فەلەسەفەی بزووتنەی سەربەرزی سەردەمە.

هێشتا ڕێگە بە بزووتنەوە هاوڕەگەزخوازەکان نادرێت لە هەموو شوێنێک گەشە بکەن

هەرچەندە لە شارە گەورەکانی وەکو نیویۆرک و لەندەن و ئەمستیردام بە سەدان هەزار کەس بەشداری نمایش و ڕێپێوانەکانی سەربەرزی دەکەن و لە لایەن توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا وەکو بۆنەیەکی ساڵانەی جیهانی دەبیندرێ بەڵام هێشتا لە بەشێکی وڵاتانی جیهاندا هاوڕەگەزخوازی بە تاوان دادەنرێت و ڕێگە بە دەڕبڕینی خواستی جێندەری تاکەکانی کۆمەڵگا نادرێ.

ئەوەش سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە یادککردنەوەی ساڵانەی مانگی سەربەرزی و ئەنجامدانی چالاکی و بەشداریکردن لە ڕێپوانەکانی سەربەرزی چەندە گرنگن بۆ سەرنج خستنە سەر ئەو ستەم و نادادپەروەرییانە کە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئەم بابەتە بڵاوی بکەنەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر