بەبێ پاراستنی یاسایی، ئەگەرێکی بەرزتری ئەنجامدانی تاوان، هەراسانکردن، و دووچاوەکیکردن بەرامبەر ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە هەیە. ئەمە هەموو پێگە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە، هەر لە شوێنی کارەوە تاکوو ماڵەوە و لەناو خێزانەکان.
توندوتیژی یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی کەسانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان. ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک ترانسجێندەر دەناسێنن (ڕەگەزی خۆیان لەگەڵ جێندەریان ڕاست دەکەنەوە)، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی و کوشتن دەبنەوە. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، دۆسکی ئازاد، کچێکی ترانسجێندەر و هونەرمەندێکی مەکیاژ لە دهۆک بە دەستی براکەی کوژرا. بەداخەوە، هەتاکوو ئێستا پۆلیس نەیتوانیوە بکوژەکەی بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن. کەیسەکەی دۆسکی کەیسێکە لە سەدانی تر.
ئەترسم هەتاکوو ئەمرم لە جەستەیەکدا بژیم کە هی من نییە و هەرگیز نەتوانم خۆم بم. […] لەسەرمە کە ڕێزی خێزانەکەم و ناوبانگەکەیان بگرم، ناتوانم ژیانی خۆم بژیم. ئەمەوێت ڕاگوێستن بکەم و ژیانی خۆم وەک هەر ژنێکی تری کۆمەڵگە بژیم – کارێکم دەست بکەوێت، خۆشەویستێکم هەبێت، هاوسەرگیری بکەم و خێزانێک پێک بێنم. بەڵام بڕوا ناکەم ئەم شتانە هەرگیز بۆ من هەڵبکەوێت.
نەبیلە، ژنێکی ترانسجێندەر کە دانیشتووی سلێمانییە (لە عێراق کویر وەرگیراوە)
بەبێ پاراستنی یاسایی، ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوەیەک دەسترێژی دەکەنە سەر ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، زۆرجار لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت، هەر لەبەر ئەوەش دەستدرێژیکاران بەبێ خەم لە ئاکامەکانی کردەوەکانیان، کاری خۆیان دەکەن. ئەو یاسایانەی دووچاوەکی یاخود جیاکاری قەدەغە دەکەن، دەکرێت یارمەتی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بدەن ئەو کەسانە بە سزای یاسایی بگەێنن و هەست بە پارێزراوی بکەن.
کۆمەڵەی پەلکەزێڕینەی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی دووچاوەکیی پیشەیین. ڕەنگە ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە هەلی کار لەدەست بدەن، پلە و پۆستیان بەرز نەکرێتەوە، یاخود لە کارەکانیان دەربکرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی خواستی ڕەگەزییان یاخود شووناسی جێندەریان جیاوازە. بەهۆی ئەم نایەکسانییەوە، کەسەکە و خێزانەکەشیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، و ئەو دووچاوەکی و پەراوێزخستنەی لە کۆمەڵگەدا باوە زیاتر تەشەنە دەکات.
لە ڕاپۆرتێکدا بە ناوی «پێویستە ئازاد بم»، کە بە هاوبەشی لە نێوان ڕێکخراوی عێراق کویر و ئاوتڕایت ئەنجام دراوە و تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی ژنانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە عێراق، لە نێوان 16 کەسی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، تەنیا 7 کەسیان خاوەنکار بوون. ئەمە ئاماژە بەوە دەدات کە کۆسپ و بەربەست لەبەردەم ئەندامانی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە هەیە لە پڕۆسەی دۆزینەوەی کار یاخود مانەوە لەسەر کار. هەروەها بەڵگەیە کە دەبێت ئەو دووچاوەکییەی کە ئێستا هەیە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە و هەلی کاری زیاتر بۆ کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە ڕێک بخرێت.

ئەو یاسایانەی کە جیاکاری قەدەغە دەکەن، کاردانەوەیان لەسەر تەواوی کۆمەڵەی کوردی دەبێت، ئەو پەیامە دەنێرێت کە دووچاوەکی و توندوتیژی بەرامبەر بە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە شتێکی قبووڵکراو نییە. ئەمە یارمەتی کۆمەڵگە دەدات کە پەرە بە هەڵوێست و تێڕوانینی نەرێنی نەدەن بەرامبەر بە کۆمەڵەکە، هەروەها پەیامێکی بەهێزی ڕێز و لەخۆگرتوویی دەبێت بۆ نەوەی نوێ.
دەرەنجام، چەسپاندنی ئەو یاسایانەی کە دژە-دووچاوەکی و جیاکارین و مافی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەپارێزن، هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی سەلامەت و یەکسان. ئەم یاسایانە مافی ئەوە بە خەڵکی دەدەن کە ژیانی خۆیان بە ئازادانە بژین بەبێ ترس لە دووچاوەکی و توندوتیژی، هەروەها ئەو پەیامە بە کۆمەڵە دەدات کە ئەنجامدانی ئەو کارە نەرێنیانە، شتێکی قبووڵکراو نییە. ئێستا کاتێتی کە حکوومەت هەستێتە سەر پێ و لەپێناو بەرژەوەندی، ماف و سەلامەتی هەموواندا کردەوەی هەبێت، بەبێ گوێدان بە جێندەر، ڕەگەز، یان خواستی ڕەگەزیی کەسەکان.