هاوڵاتییەکی شاری نەجەفی عێراق دەربارەی دۆخی ژیانی وتی «جارێک کراسێکی پەمەییم لەبەرکرد و هەراسان کرام، تەنها لەبەر ڕەنگەکەی، هەندێک جار خەڵک هەراسان دەکرێن و تەنانەت دەکوژرێن تەنها لەبەر ئەوەی لە هەموو کەسێکی تر ناچن». ئەم هاوڵاتییە بەردەوام لە قسە کردن و ئاماژەی بەوە کرد کە شتەکان بۆ کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە عێراق خراپتر دەبن. وتیشی: «ئێمە لە ئێستاوە بەر هەموو جۆرە هەراسانێک دەکەوین و ڕۆژانە هێرشمان دەکرێتە سەر». ئەمەش تەنانەت پێش ئەوەی ئەم یاسایە بۆ تاوانبارکردنی هاوڕەگەزخوازی دەربچێت.
حکومەتی عێراق لەمانگی تەممووز ڕایگەیاند کە پلانی دەرکردنی یاسایەک دادەنێت کە هاوڕەگەزخوازی بە تاوان بناسێنێت. عێراق یەكێكە لەو سێ وڵاتەی كە زۆرینە عەرەبن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە ئاشكرا پەیوەندیی هاوڕەگەزخوازەکان بە تاوان دەناسێنێت. دووەکەیتریش بریتین لە ئوردن و بەحرەین.
ئەگەر ئەو یاسایە دەربچێت، ئەوا عێراق لەگەڵ باقی ناوچەکە دەچێتە بازنەی دژایەتی کردنی هاوڕەگەزخوازان. زۆربەی گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستەوخۆ هاوڕەگەزخوازی لە یاسا قەدەغە دەکەن و سزای هاوڕەگەزخوازان بە سزای قورس دەدەن و لە سعودیە دەگاتە سزای لەسێدارەدان.
عارف ئەلحەمامی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەندامە وتی: «یاسا نوێیەکە لێپرسینەوە لە هاوڕەگەزخوازان دەکات و توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێنێت ». هەرچەندە هێشتا دەنگ لەسەر یاساکە نەدراوە بەڵام ئەلحەمامی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەڕای ڕەخنە لەلایەن ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤەوە ئەو یاسایە تێدەپەڕێت».
وتیشی: «ئێمە وڵاتێکی موسڵمانین. ئێمە دابونەریتمان هەیە، ئیسلام ئەم کارانە قەدەغە دەکات».
میراتی کۆلۆنیالیزم
ئەم ئارگیومێنتە کە دەڵێت هاوڕەگەزخوازی بەشێک نییە لە کولتوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئارگیومێنتێکە کە زۆرجار لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دژی هاوڕەگەزخوازانن بەکاردەهێنرێت وە بە تەواوی ئارگیومێنتێکی هەڵەیە.
هەروەک ئینجیل، قورئانیش چەند جارێک بە شێوەیەکی ناڕەزامەندانە باسی هاوڕەگەزخوازی دەکات. بەڵام، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئایینی، پەیوەندی هاوڕەگەزخوازیی بە بەردەوامی لە شیعر و هونەردا لە جیهانی ئیسلامیدا دەرکەوتووە.
بۆ نموونە لە عێراق شاعیری سەدەی هەشتەم، ئەبو نەواس، کە بە پەیکەرێک لە ناوەڕاستی بەغدا شکۆکەی بەرزنرخێندراوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. ئەبو نەواس ئازادیخوازێکی بەناوبانگ بوو، کە پایانی بۆ شتگەلێکی وەک خۆشی حەمامە گشتییە ناوخۆییەکانی بەغداد، یان حەمام بە گشتی دەنووسی، کە دەیتوانی بە ڕووتی چاودێری پیاوە قۆزەکان بکات، لانیکەم «هەتا خاولی هەڵگرەکان دێنە ژوورەوە و خۆشییەکان تێکدەدەن». هەندێک لە توێژەران پێیان وایە کە بۆ چەندین سەدە، کولتوری عەرەبی زیاتر ڕێگەپێدراو بووە سەبارەت بە پەیوەندی هاوڕەگەزخوازەکان لە چاو کولتوری ئەوروپی.
سوڵتان عەلامێر، لە سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی هارڤارد، لە وتارێکدا کە لە مانگی حوزەیران لە گۆڤاری نیو لاینز بڵاوکرایەوە، نووسیویەتی: «بیری پێش مۆدێرنی عەرەبی-ئیسلام … هیچ زاراوەیەکی بۆ چەمکی هاوڕەگەزخوازی نەبووە وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە». ئەمەش لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا گۆڕانکاری بەسەردا هات. سەردەمی ڤیکتۆریا ئەو بیرۆکەیەی بەناوبانگ کرد کە چێژی سێکسی وەکو گوناه و شەرم وێنا دەکرد وە لە ساڵی 1885 بەریتانییەکان هەندێک لە یەکەم یاساکانی دژی هاوڕەگەزخوازییان هێنایە ناوەوە بۆ ئەوەی سێکس لە نێوان پیاوان بە تاوان بناسێنن. دواتر عەرەبەکان زیاتر دەستیان کرد بە گرتنەبەری هەڵوێستی کۆنەپەرستانەی ئەوروپی. ئالامێر باس لەوەش دەکات کە چۆن یەکێک لە سەردانکەرانی عەرەب لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا بۆ پاریس ستایشی فەرەنسییەکانی کردووە کە «مەیلیان بۆ خۆشەویستی گەنجانی نێر نییە و لە شیعردا ستایشیان ناکەن».
هەندێک لە یەکەم یاساکانی دژی هاوڕەگەزخوازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕاستیدا هاوردە کراوە، چونکە سیستەمی یاسایی ئەوروپا لە کۆلۆنیەکانی ئەوروپاشدا بەکاردەهێنرا و ئەوکات هاوڕەگەزوازی لەوێ تاوان بوو.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی داکۆکیکاری یاسایی بەریتانی، هیومان دیگنیتی تراست، زۆربەی یاسا مۆدێرنەکانی دژی هاوڕەگەزخوازی لە جیهانی عەرەبیدا لەسەر بنەمای ئایین دامەزراوە. هەرچەندە تەنانەت ئەمڕۆش هەندێک لەوانە هێشتا ڕەگ و ڕیشەیان لە یاسای مێژوویی بەریتانیادا هەیە. ئەمە بۆ سودان و میسر و عێراقیش ڕاستە, کۆلۆنیەکانی پێشوو بە سادەیی ئەو یاسا کۆنانەیان پاراستووە کاتێک سەربەخۆ بوون.
شەڕە کلتورییەکان
کاترینا دالاکۆرا، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە قوتابخانەی ئابووری لەندەن لە توێژینەوەیەکدا نووسیویەتی کە پەیوەندییەکانی هاوڕەگەزخوازان بووەتە (سەنگەرێکی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی کولتووری). ئاماژەی بەوەشکردووە کە ناساندنی جیاڕەگەزخوازی لەگەڵ ڕەسەنایەتی کولتووری لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شێواندنی تۆماری مێژووییە.
بە گوتەی دالاکورا، حکومەتە تاکڕەوەکان و بناژۆخوازە ئایینییەکان هەستی گشتییان دژی پێکهاتەکانی هاوڕەگەزخوازی وروژاندووە بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتیان. ئەو نووسیویەتی: «دەسەڵاتی ئەوان بە بانگەوازی پاراستنی کولتوورێکی (ڕەسەن) کە ئەگەر هەرگیز بوونی هەبووبێت، لە مێژە سڕاوەتەوە، پشتگیری دەکرێت». ئەمەش هاوتایە لەگەڵ گوتارەکان و جوڵانەوەکانی سەدر دژی هاوڕەگەزخوازان و بوونی نیازی بە تاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی.
تەوژمێکی بەهێزی پۆپۆلیزم جیهانی گرتووەتەوە، جەنگی ئۆکراینا، گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی ووزە ناسەقامگیری گەیاندووەتە بینە قاقا و دەسەڵاتەکان مەترسی لەناوچوون و شکانیان لەسەرە بۆ ئەم مەبەستەش گوتاری پۆپۆلیستی زیاتر لە هەموو کاتەکانی مێژوو دەبینرێت. سەدریش وەکو یەکێک لە پۆپۆلیستەکان سەرنجی یەکەمی لەسەر ڕاکێشانی هەست و سۆزی خەڵکە بەلای خۆیدا خەڵکانێک کە بەژیانیان وتارێکیان نەخوێندووەتەوە. سعودیەش لەولاوە دەیەوێت بە هەوڵە کارتۆنییەکانی ئەوە لە بیر خەڵک بەرێتەوە کە شەوان چی دەگوزەرێت لەوێ و فەریزەی حەج و ئەو داهاتە زل و زەبەلاحە بەردەوام بێت.
ئەمەش بریتییە لە هەڵمەتی حکومەتی سعودیە بۆ لابردنی یارییە ڕەنگاوڕەنگەکان لە ڕەفەکان، سەرکوتکردنی دەوڵەت و هەڕەشەکانی گروپێکی مەسیحی چەکدار کە ئاراستەی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە لوبنان کراوە، هەروەها هەڵمەتێکی هاشتاگ کە لەم دواییانەدا لە میسرەوە سەریهەڵداوە کە “فێترا” بەکاردەهێنێت کە وشەی عەرەبییە بۆ (غەریزە)، بۆ پێداگریکردن لەوەی کە تەنیا دەتوانرێت دوو ڕەگەز هەبێت.
دێلاتۆلا دەڵێت، «بۆ زۆرێک لە تاکەکانی کۆنەپەرستی کۆمەڵایەتی، ئەوە مەترسی لەسەر ئەو بەها ئەخلاقییانە دروست دەکات کە پشتیان پێدەبەستن بۆ مانۆڕکردن لە ڕێگەی کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە.»
تاکتیکە سیاسییەکان
دەسەڵاتی ئەخلاقی جێگرەوەی شەرعیەتی دیموکراسیین. لە پێنج دەیەی ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتە ئەخلاقییە لە ڕێگەی ڕێکخستنی ئایین و ژێردەستەکردنی ژنانی عەرەبەوە بەکاردەهێنرا. ئەگەر تۆ دیکتاتۆرێکی عەرەب بیت و شەرعییەتی ئەخلاقیت دەوێت، بەڵام ناتەوێت لە ئیسلامەوە یان لە جێندەرەوە وەریبگریت، ئایا گونجاوترین سەرچاوە چییە کە لەگەڵ ئەجێندای نوێی عەلمانی و کۆنەپەرستانەتدا بگونجێت؟ دەتوانین بڵێین وەڵامەکە بریتییە لە وەرگرتنی گوتاری دژە هاوڕەگەزخوازی و تا ڕادەیەکی کەمتریش گوتاری دژە بێباوەڕی (ئەیسییەزم).
ئەو سیاسەتمەدارانەی کە نەیانتوانیوە کاروباری دەوڵەت بەڕێوەببەن و وەکو دەردەکەوێت لە دۆخی عێراقدا، خەڵک سەرقاڵ دەکەن بە یاسایەک کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شەقام هەیە و کێشە نیە بۆ عێراق.
کورتەیەک لە مێژووی خوێناوی سەدر
چەند جارێک موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای دیاریکردنی ڕۆژێکی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق. لە ساڵانی رابردوو دەسەڵاتدارانی عێڕاق بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان کۆمەڵکوژییان دژی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کردووە.
ساڵی 2012، لە گەڕەکی سەدری شاری بەغدا پۆستەرێک هەڵواسرا لە شەقامەکان کە ناوی چەندین کەسی تێدابوو، تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی و «ئیمۆ» بوونیان درابوویە پاڵ، ئاگادار کرابوونەوە کە هەڵسوکەوتەکانیان چاکبکەن ئەگەرنا بە پێچەوانەوە دەکوژرێن. شایەنی باسە، ئیمۆ تەنیا شێوازێکی فاشن و پۆشینی جلوبەرگە و هیچی تر.
ساڵی 2019 چەندین کەس بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی لە گەڕەکی سەدڕی شاری بەغدا کوژران. یونامی رایگەیاند، لە ڕاپۆرتێک کە لەلایەن رێکخراوە مەدەنییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە سووپای مەهدی و عەسائیبی ئەهلی حەق بەرپرسیارن لە کوشتنی پتر لە 56 کەس کە بە «ئیمۆ» ناسێندرابوون.
لە 15ـی ئایاری 2014، سەرایەی غەزاب کە بەشێکە لە عەسائیبی ئەهلی حەق لیستێکیان بڵاوکردەوە کە لە 24 کەسی داواکراو پێکهاتبوون 23 کەسیان بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی تاوانبارکرابوون و یەک کەسیش تاوانەکەی ئەوەبووە کە قژی درێژبووە.
ساڵی 2012 پیاوێکی 30 ساڵان کە لەناو خەڵکی تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی درابووە پاڵ، لە کاتێکدا حکومەت لەگەڵ قاعیدە لە شەڕبووە سەربازانی سووپای عێڕاق پێویستیان بە خوێنبووە ئەم کەسە 30 ساڵەش چووە خوێن ببەخشێت کە بینیویانە لە نەخۆشخانەکە بە بۆری ئاو کەوتووبوونە گیانی و هەتا مردن لێیاندا و دواتریش جەستەکەیان سوتاند.
هەر هێندە دوور نەڕۆین، لە 17ی ئایاری 2020، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیا، دوای ئەوەی شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئاڵای پەلکەزێڕینەیان لە بەغدا بەرزکردەوە بینیمان چی ڕوویدا. سیاسییەکانی عێراق خێرا خۆیان گرژ و مۆن کردەوە و داوای دەرکردنی شاندەکە و داخستنی بیناکەیان کرد، هاوکات میلیشیاکان بەبۆنەی تویتەکانی موقتەدا سەدرەوە ورووژان و دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵکی بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی.
کوشتنی سەدان و هەزاران هاوڕەگەزخواز و دەرکردنی یاسا دژیان، شتێک کە لە دەسەڵاتی کەسەکەدا نەبێت، چی لە دۆخی شکستخواردووی عێڕاق دەگۆڕێت کە گەندەڵی، کێشەی وشکەساڵی، کەشوهەوا، پەروەردە تەنیویەتی؟ سەرەڕای ئەمەش دەرکردنی یاسا دژی هاوڕەگەزخوازان گاڵتەکردنە بە ئەقڵی خەڵک و بە کاڵفامزانینی خەڵکە. درەنگ تا زوو، ئەمڕۆ یان سبەی، سەدان ساڵ یاخود هەزاران کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەبێت مافەکانی بۆ بەرقەراربکرێت، چوونکە هەر مرۆڤێک کە زیان بەوانی دی ناگەێنێت، شایستەی ژیان و ڕێزە.
ئێستا عێراق لە ژێر سێبەری چینێکی سیاسیدا دەژی کە شکستیان هێناوە لە پێکهێنانی حکومەت و هەوڵی پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانی خۆی دەدات و ئێستاش دەیەوێت هاوڕەگەزخوازی بە تاوان بناسێنێت.
لە ئێستادا عێراق کە عێراق لە دووڕیانی سازان و ترازاندا تەراتێن دەکات، لە ئاژاوەدایە. موقتەدا سەدر رەتیدەكاتەوە گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بكات و رێگری دەكات لە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لە پەرلەمانی عێراق، لەم نێوەندەدا لایەنگرانی ناوچەی سەوزی بەغدا داگیر دەکەن، لە ئەنجامی ئەوەندا کاروباری حکومەت بە تەواوی پەکیخستووە. بەم پێیە، دابەشبوونی تائیفی عێراق تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، پرۆسەی دیموکراسیش تا دێت بەرەو لێژی دەڕوات.
دیموکراسی بەبێ دیموکراتخوازی لە دایک نابێت و سەدر شەڕ، فرە ژنی و حوکمی بیابانی دەوێت و ئەگەری گەڕانەوەی حوکمی شەق و تفەنگگ لە ئارادایە، خەڵکیش دانیشتووە و هاوڕەگەزخوازان بە مەترسی دەبینن و دوور و نزیکیش لەنێو کورد و عەرەبدا هیوای گەڕانەوەی سەدامی دیکتاتۆر دەبیستین و دەبینین. دۆخی سیاسی عێراق واتا هەزاران هەنگاو بۆ دوواوە. دەبێت عێراقییەکان هیوا خوازبن نمونەی کەسانی ئاشتی خوازیی هاوڕەگەزخوازی زۆر زیاتربێت وەک لە کەسانی کاڵفام.