دەرکردنی یاسا دژی هاوڕەگەزخوازی بەکاڵفامزانینی خەڵکە

لە 8ی تەممووزی 2022، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراقییە وتی «ڕێککەوتن کراوە لەسەر کۆکردنەوەی واژۆ تاوەکوو دانیشتنی پەرلەمان بکرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک دژی هاوڕەگەزخوازی.» وتیشی، «دەرکردنی وەها یاسایەک بنچینە یاساییەکان توندتر و پتەوتر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە هاوڕەگەزخوازیو لادانە پەیوەندیدارەکانی تر.»

خاڵە سەرەکییەکان

«ئەگەر کەچەڵ تیمارکەر بوایە تیماری سەری خۆی دەکرد» ئەمە ئەو پەندەیە کە بەردەوام لێرە و لەوێ دەوترێتەوە، پڕ بە پێستی هەوڵەکانی دوایی پەرلەمانی عێراقە بۆ دەرکردنی یاسایەک دژی هاوڕەگەزخوازی. هەموو رۆژێک میدیاکانی عێراق لەناو خوێندا ژێرە مەلەدەکەن، سیاسییەکانیشیان دەستیان لە دنیا شتووە، بەم دۆخەوە هاتوون خۆیان لە سەدان کێشە دەخافڵێنن هەتا بتوانن تۆسقاڵێک برسێتی ئاینییان تێربکەن.

تۆسقاڵێک لە پێشینەی دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر بە هاوڕەگەزخوازان

چەند جارێک موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای دیاریکردنی ڕۆژێکی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق. لە ساڵانی رابردوو دەسەڵاتدارانی عێڕاق بە هەرجۆرێک لە جۆرەکان کۆمەڵکوژیان دژی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە کردووە.

ساڵی 2012، لە گەڕەکی سەدڕی شاری بەگداد پۆستەرێک هەڵواسرا لە شەقامەکان کە ناوی چەندین کەسی تێدابوو، تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی و «ئیمۆ» بوونیان درابوویە پاڵ، ئاگادار کرابوونەوە کە هەڵسوکەوتەکانیان چاکبکەن ئەگەرنا بە پێچەوانەوە دەکوژرێن. شایەنی باسە، ئیمۆ تەنیا شێوازێکی فاشن و پۆشینی جلوبەرگە و هیچی تر.

ساڵی 2019 چەندین کەس بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی لە گەڕەکی سەدڕی شاری بەگداد کوژران. یونامی رایگەیاند، لە ڕاپۆرتێک کە لەلایەن رێکخراوە مەدەنییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە سووپای مەهدی و عەسائیبی ئەهلی حەق بەرپرسیارن لە کوشتنی پتر لە 56 کەس کە بە «ئیمۆ» ناسێندرابوون.

لە 15ـی ئایاری 2014، سەرایەی غەزاب کە بەشێکە لە عەسائیبی ئەهلی حەق لیستێکیان بڵاوکردەوە کە لە 24 کەسی داواکراو پێکهاتبوون 23 کەسیان بە تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی تاوانبارکرابوون و یەک کەسیش تاوانەکەی ئەوەبووە کە قژی درێژبووە.

ساڵی 2012 پیاوێکی 30 ساڵان کە لەناو خەڵکی تۆمەتی هاوڕەگەزخوازی دراوەتە پاڵ، لە کاتێکدا حکومەت لەگەڵ قاعیدە لە شەڕبووە سەربازانی سووپای عێڕاق پێویستیان بە خوێنبووە ئەم کەسە 30 ساڵەش چووە خوێن ببەخشێت کە بینیویانە لە ناخۆشخانەکە بە بۆری ئاو کەوتوونەتە گیانی و هەتا مردن لێیانداوە و دواتریش جەستەکەیان سوتاندووە.

هەر هێندە دوور نەڕۆین، لە 17ی ئایاری 2020، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیا، دوای ئەوەی شاندی یەکێتیی ئەورووپا ئاڵای پەلکەزێڕینەیان لە بەغداد بەرزکردەوە چی ڕوویدا. سیاسییەکانی عێراق خێرا خۆیان گرژ و مۆن کردەوە و داوای دەرکردنی شاندەکە و داخستنی بیناکەیان کرد، هاوکات میلیشیاکان بەبۆنەی تویتەکانی موقتەدا سەدرەوە ورووژان و دەستیان کرد بە کوشتنی خەڵکی بە تۆمەتی هاوڕەگەزخواازی.

یاسا و کاڵفامی

Iraq LGBT law

ساڵی 2012 کاتێک عەلی دەباغ وتەبێژی ئەوکاتی سەرۆکوەزیران، نوری مالکی لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی بیبیسی رایگەیاند کە حکومەت ناتوانێت پارێزگاری لە هاوڕەگەزخوازان بکات و عێڕاق عورفو عادەتی خۆی هەیە و ئەوە لێرە شوێنی نابێتەوە. وتیشی، هاوڕەگەزخوازی سروشتی نییە بەڵکو خووە و هاوڕەگەزخوازان پێویستە رێزی ئەمە بگرن. ئەمە لە کاتێکدا ڕەشنووسی یاساکانی عێڕاق ڕێگە بە بوونی هاوڕەگەزخوازی دەدات و دەقی یاساکە بەمشێوەیەیە:

«ئەو کردەوە و پەیوەندییە سێکسییانەی لەنێوان نێر و مێ یان نێر و نێرێکی کامڵ، واتە سەروو هەژدە ساڵ، ڕوودەدەن، و بە ڕەزامەندی و ئارەزووی هەردوو لایە، بە مەرجێک خێزاندار نەبن، ئەوا بە تاوان هەژمار ناکرێت و هیچ مادەیەکی قانوونی نییە سزای بۆ ئەو پەیوەندییە دانابێت، چوونکە لە بنچینەدا کە ئارەزوومەندانە بێت، لایەنی سکاڵاکار بوونی نییە.»

دەستووری عێڕاق دەستوورێکی دیموکراسییە و بەشێکی یاساکان لەسەر بنەمای شەریعەی ئیسلام نووسراونەتەوە
ئەم یاسایە تەنیا مەترسی نییە لەسەر کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، چوونکە ئەمە ڕێڕەوی هەنگاونانە بەو خەونەی گرووپی تیرۆرستی داعش سەری بۆ نایەوە، یاساکان لەسەر بنەمای شەریعە (بە هەڵە تێگەیشتن لە شەریعە) دابڕێژنەوە.

بۆ نموونە، لە ساڵی 2018 لە ئەفغانستان یاسای بەتاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی دەرچوو. ئەمە رێگەخۆشکەربوو بۆ گرتنی حوکمڕانی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی تاڵیبانەوە، بۆ بابەتی عێڕاقیش لەمە باشتر چاوەڕیی ناکات، ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بێت، دوو سبەی کاکەیی و ئێزیدی و مەسیحییەکان دەبن کە یاسایان لە دژ دەردەکرێت، هەروەکوو چۆن لە ئەفغانستان ئەوەی ئاینەکەی ئیسلامی سوونە نەبێت ژیانی لێئەکەن بە دۆزەخ.

عێڕاق (جگە لە هەرێمی کوردستان) بەرەو توندڕەوی هەنگاو دەنێت، دواتریش کە ئەم ئامانجە بەدەستهات کێشەی قوڵتر ڕودەدات و ئارامی بەرقەرار نابێتەوە. لە کاتی حوکمڕانی بەعسدا شیعە دەست لە دەستی یەک خەباتیان دەکرد، بەڵام ئێستا پتر لە پێنج لایەنی سەرەکی شیعە لە عێڕاق هەیە و یەکتر دەخۆن و خەڵک زەرەرمەندە.

تەنها لە ساڵی 2014، لە عێڕاق 14 هەزار توندوتیژی دژی ژنان تۆمارکراوە. لە ڕاپرسیەکدا کە 595 ژن لە تەمەنی نێوان 19 – 30 ساڵ بەژداریانتێدا کرد و 67٪ بەژداربووەکان لە بەگداد بوون دەرکەوت کە 42٪ رووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە لە ژینگەی کارکردندا و 19٪ بێدەنگیان هەڵبژاردووە هەتا کارەکانیان لەدەست نەچێت.

فرەژنی هەتا ئێستا لە عێڕاق یاساییە و بەبێ ئاگاداری ژنەکانی تر پڕۆسەکە ئەنجامدەدرێت. ساڵی 2014 پارتی فەزیلەی عێڕاق پێشنیاری «یاسای جەعفەر»ی بۆ پەرلەمانی عێڕاق کرد، کە داوای بەیاسایی کردنی هاوسەرگیریکردن بوو لەگەڵ کچانی 9 ساڵان و بەرەو سەرەوە.

لە کاتێکدا سەدان کێشەی قێزەونی لەمجۆرانەی کە باسکرا هەیە، تازە بە تازە باس لە دەرکردنی یاسا دژی هاوڕەگەزخوازان دەکەن. کوردەواری جوانی فەرمووە: «ئاش لە خەیاڵێک، ئاشەوان لە خەیاڵێک.»

کووشتنی سەدان و هەزاران هاوڕەگەزخواز و دەرکردنی یاسا دژی شتێک کە لە دەسەڵاتی کەسەکەدا نەبێت، چی لە دۆخی شکستخواردووی عێڕاق دەگۆڕێت، کە گەندەڵی، کێشەی وشکەساڵی، کەشوهەوا، پەروەردە تەنیویەتی؟ سەرەڕای ئەمەش دەرکردنی یاسا دژی هاوڕەگەزخوازان گاڵتەکردنە بە ئەقڵی خەڵک و بە کاڵفامزانینی خەڵکە، درەنگ تا زوو، ئەمڕۆ یان سبەی، سەدان ساڵ یاخود هەزاران کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە دەبێت مافەکانی بۆ بەرقەراربکرێت، چوونکە هەر مرۆڤێک کە زیان بەوانی دی ناگەێنێت، شایستەی ژیان و ڕێزە.

ئەم بابەتە بڵاوی بکەنەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر