مێژوو و چەمکی جێندەر: ئەگەر یەکسانی جێندەر هەبوایە، چی دەبوو؟

کێشەی جێندەر لەوە گەورەترە کە وێنا دەکرێ، چوونکە لە ئێستا و لە مێژووشدا نایەکسانی جێندەری تایبەتمەندییەکی جیهانی و گشتگیری هەموو کۆمەڵگەیەک بووە و بەرۆکی هەر تاکێکی ئەم جیهانەی گرتووە

خاڵە سەرەکییەکان

جێندەر واتە ژنێتی یان پیاوەتی، یان جێندەری سێیەم.

ژنان، کە نیوەی دانیشتوانی جیهان پێک دەهێنن، دەچەوسێندرێنەوە وە بەهۆی ئەم چاوسانەوەیەشەوە ملیۆنان ژن لە تەواوی جیهاندا لە هەژاریدا دەژین. جگە لەوەی ژنان قوربانیی یەکەمی نایەکسانی جێندەرن، دەتوانین بڵێین کە ئەم نایەکسانییە کاریگەری دەخاتە سەر تەواوی ژیانمان. بۆ نموونە لەوانەیە باپیرت یان باپیری باپیرت پیاوێکی بیرتەسک بووبێت و ووتوبێتی: «کوڕە من چۆن دەهێڵم کچەکەم بخوێنێ یان ژنەکەم بچێتە دەرەوە و ئیش بکات.»

ئەم بابەتە وەچە وەچە کاریگەری کردووەتە سەر ئاستی ڕۆشنبیری و مافی ژن. هەر لەبەر ئەم بیر و باوەڕەش بوو مێشکیان بردین بە «موچەی کابانی ماڵ.» چونکە ئەگەر ژن ئازاد بێ و کاری خۆی هەبێت و هان بدرێ باشترە یان موچەی بدەینێ لەبەر ئەوەی ناوی دەنێین کابانی ماڵ؟ ئاخر ژنی کورد بەو ئازایەتییەوە، بیهێنین بیکەین بە کابانی ماڵ؟!

پەروەردە و جێندەر

شێوازی پەروەردەش لە قۆناغەکانی خوێندن جەوهەری کێشەکەیە و لە پەروەردەی مناڵییەوە کاریگەری دەخاتە سەر تەواوی کۆمەڵگە. بۆ نموونە، لەوانەیە ئێستا تۆ کە سەیرمان دەکەی مامۆستایەک بیت و بڵێیت «جا من حەقی جێندەرم چییە؟ خۆ من کیشەکەم دروست نەکردووە!»  بەڵام وا نییە، مامۆستا دەتوانێ لای خوێندکاران ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێ بۆ بنیاتنانی یەکسانی جێندەر، بەڵام چۆن؟

شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵ خوێندکارەکان دەتوانێ ئەو بیروباوەڕە دروستبکات کە جیاوازی نابێت بکرێ لە نێوان جێندەرەکان. بەڵام هەندێک کات ڕەفتاری مامۆستاکان نایەکسانی جێندەری بڵاودەکاتەوە. بۆ نموونە قەت گوێت لێی نەبووە مامۆستا بڵێ: «کوڕێکی ئازا هەڵبستێ ئەو تەختەیە بەرێتە دەرەوە»، یان بڵێ: «ئادەی کچی گورج و گۆڵیشمان دەوێ پۆلەکە پاک بکەنەوە».

ئەمە ئازایەتی نییە مامۆستای بەرێز بەڵکو ئەمە کێشەیە. وای لێدیت کورد لەگەڵ دۆخەکە ڕادێت و هەندێک کار دەسەپێنن بەسەر جێندەرەکان و هەندێکی تریش بەسەر یەکێکیتر، «ڕۆڵە جێندەرییەکان» بەم شێوەیە دروست بوون.

پێش سەدەی شازدە خوێندن بە گشتی تەنها بۆ خانەدانەکان بوو یان بابڵێین بۆ دەوڵەمەندەکان بوو. بەڵام لە نێوان سەدەی شازدە بۆ سەدەی هەژدە، ڕێژەی خوێندەواری بۆ هەردوو جێندەرەکە ڕووی لە زیادبوون کردن کرد، هەروەها لە ساڵی 1820 ڕێژەی خوێنەواری لەو دەوڵەتانەی کە ئێستا پێشکەوتوون بۆ کوڕ لە سەدا 37 و بۆ کچیش لە سەدا 21 بوو. بەڵام لە ساڵی 1950 ڕێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ لە سەدا 92.4 بۆ کوڕ و 90.3 بۆ کچ.

ڕاستە ئەم ڕێژەیە بەرزبووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕێژەی نەخوێندەواریی ژنان لە ئاستێکی مەترسیداردایە. ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا 129 ملیۆن کچ بێبەشن لە خوێندن. هۆکاری ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری و هاوسەرگیری لە تەمەنێکی کەمدا: هەموو ڕۆژێک 39 هەزار کچی خوار هەژدە ساڵ بەشو دەدرێن. یەکێکی تر لە هۆکارەکانیش دابونەریت و کلتورە، کە زۆربەی کلتورەکان بڕوایان وایە کچان پێویستییان بە ئاستێکی بەرزی خوێندن نییە چوونکە لە کۆتایدا دەبنە ژنی ماڵ.

خوێندن هیچ ڕەگەزێک ناخوازێت، ئیتر ئەم جیاوازییە بۆچی؟ لێرەشەوە دەتوانین بڵێین کە هۆکاری دواکەوتنی وڵاتانی دواکەوتوو دەگەڕێتەوە بۆ بەژداریی کەمی ژنان لە سەرجەم کایەکان، بە پێچەوانەشەوە، پێشکەوتنی وڵاتانی پێشکەوتوو دەگەڕێتەوە بۆ بەژداریی هەردوو ڕەگەزەکە و هەموو کەمینە سێکسی و جێندەرییەکانی تر بەبێ جیاوازی.

رۆژئاوا، کوردستان، جێندەر

لە رۆژئاوا یەکسانی جێندەر بەدی دەکرێت و بەشێکی زۆری گەشەی ئابووری رۆژئاواش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەکسانییەی بەرقەراریان کردووە. هۆکاری گەشەی ئابووری رۆژئاوا دەگەڕێتەوە بۆ بەژداریکردنی ژنان بە هەمان شێوەی پیاوان لە کایە جیاوازەکان کە ئەمەش دەبێتە هۆی فراوانی کارەکان و خستەڕووی بیرۆکەی داهێنەرانە. لە بڕی ئەوەی نیوەی کۆمەڵگە بیربکاتەوە و هەوڵی پیشخستن بدات ئەوا هەمووی بیردەکاتەوە بۆ پێشکەشکردنی باشترین.

دەوڵەتە زلهێزەکانی ئابووری جیهان ڕێژەی کارکردنی ژنان تێیاندا بەرزە، بە پێچەوانەشەوە خراپترینەکان کە عێڕاق یەکێکە لەوان ڕێژەی کارکردنی ژنان تێدا نزمە و ئەوەش ڕوونە کە ڕێژەی کەمی کارکردنی ژنان کاریگەریەکی نەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری دەوڵەت.

گەر بێتوو سەیری هەرێمی کوردستانی خۆشمان بکەین بۆ ئەم مەبەستە لە سەدا 78 بۆ 93 ژنان کە تەمانیان لە نێوان 25 بۆ 64 ساڵدان ژنی ماڵەوەن. لە کۆی گشتیی دانیشتوانی کوردستان، ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 15–64 ساڵدایە. تەنیا لە سەدا ٤٠ی ئەو تەمەنە بە چالاکی کار دەکەن، لەو ڕێژەیەش تەنیا لە سەدا 15ی ژنانن. ئەمەش ڕێژەی کارکردنی ژنانی کوردە لە باشوور، بۆیە حاڵی ئابوورییەکەمان جوانە.

بەشداریی ژنان کێشەکە باشتر دەکات، بە دڵنیاییەوە. بیربکەوە گەر گوێ بە جێندەر نەدرێ، ژنێکیش بە هەمان شێوەی پیاوان خاوەن کۆمپانیایەک بێت، گەر لە کۆمپانیای ژنەکە 20 هەلی کار بڕەخسێندرێ ئەو کاتە 20 کەس دەبێتە خاوەن پیشە و ڕێژەی بێکاریش ڕوو لە دابەزین دەکات. کەواتە ئەگەر 20 کەس لە ماڵەوە بێ کاربن، ئەوا پێویست ناکات بێکار دابنیشن لەبەر کەمیی هەلی کار، بەڵکوو دەتوانن لەو کۆمپانیایە کار بکەن. جگە لەوەش ئەگەر کلتوری کارکردنی ژن دروست بێ ئیتر چ پێویست دەکا لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری هەموو ئەرکەکە بکەوێتە سەر کوڕەکە؟

کەواتە دەبێ بەشداریکردنی ژنان ئاسایی بکرێتەوە و یەکسانی هەبێ لە نێوان کارکردنی ژن و پیاو.

ئایا تا ئێستا پرسیووتە ئەو گرووپ و پەیجانەی هەلی کاری تێدا دادەنێن بۆچی زۆرتر داوای ڕەگەزی مێ دەکەن؟

لە یەکێک لە گرووپەکان کچێک نووسیویەتی ئەو کارانەی دادەنرێن بۆ خانمان هەمووی درۆیە، کەس بە دوای کارمەندا ناگەڕێ و هەندێک کەس دەیانەوێ بە ناوی ئیشەوە پەیوەندی دروست بکەن لەگەڵ کچان. یەکێکی تریش نووسیویەتی ئەگەر کچ کار بکات ئەوا «سەنگ و قورسایی نامێنێ»، ئەبێ لە چ کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو سەربەخۆیی و بەهێزی ژن ئاوا تەماشا بکرێت؟

بە بۆنەی ئەم بیرو باوەڕەوە خوێندن و دەسکەوتنی کار بۆ بۆ بەشێک لە ژنانی جیهان تەنیا وەک خەونێک وایە، ئەوەتا لە سەدا حەفتای یەک ملیار کەس کە لە برسیتیدا دەژین ژنن. هەروەها لە تەواوی جیهاندا 62 ملیۆن ژن ناتوانن قۆناغی سەرەتای تەواو بکەن. ئەی هاوار! باشە بۆ دەبێ لەم سەردەمە بەو شێوەیە بیربکرێتەوە؟ ئێ وا بیر دەکەنەوە چونکە ساڵاهای ساڵە ئەم جیاوازی جێندەرە وەک قەوان لێ دەدرێتەوە و ئا ئەمەش لێکەوتەکەیەتی.

گەر بێت و بەراوردێک بکەین لە نێوان کۆمەڵگەی دابونەریتی کۆن و کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئێستا جیاوازییەکی سەیر دەبینین کە  ژن لە کۆندا ڕۆڵێکی گرنگتری بینیوە لە ڕووی کار و چالاکییەوە بە بەراورد بە ئێستا. یەکێک لەو ژنانە قەرە فاتمە کە لە کاتی شەڕی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ڕووسیا  کە لە ساڵی 1877  ڕوویداوە؛ ئەو خانمە فەرماندەری 500 هێزی چەکدار بووە. جگە لەمانەش حەپسەخانی نەقیب و خانزادی میری سۆرانمان هەبوو.

بەڵام ئێستا لەبری قەرە فاتم و حەپسە خان مۆدێل و شاجوانمان هەیە، ئایا ئەمانەی ئێستا هیچ ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بنیاتنانی یەکسانی جێندەر؟

ئەم بابەتە بڵاوی بکەنەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر