با نموونەیەک وەربگرین: دانا، کە وەک پیاوێک خۆی دەناسێنێت، پاشخانێکی ئایینی بەهێزی هەیە، و خۆشی بە جیاڕەگەزخواز دەزانێت؛ هەرچەندە هەندێک جار لە هزری خۆیدا بیر لە دوو پیاوی هاوڕەگەزخوازی هاوڕێی دەکاتەوە و هەستی بۆیان دەجووڵێت. دانا هەوڵ دەدات لە هەستەکانی دوور بکەوێتەوە و خۆی لەو دوو هاوڕێیەی لادەدات. دانا شتەکە وا لێک نایاتەوە کە سەرچاوەی ئەم حەزە لە کەسایەتی خۆیدا بێت، بەڵکوو دەیخاتە ملی هاوڕێکانی و دەڵێت ئەوان بێنامووسن و دەیانەوێت تاوم بدەن. ئەمە پێی دەوترێت ڕاپاڵدان.
بەدواداچوونێک لەسەر هۆمۆفۆبیا کراوە کە دەری خستووە کەسانی هۆمۆفۆب سوود لە ڕێکخستەیەکی بەرگری ناپێگەیشتووانە و مناڵانە دەبینن، بۆیە کردەوەکەی دانا، شتێکی نامۆ نییە.
ئەگەر بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر نمونەیەکی تر وەربگرین، دەتوانین بڵێین هاوشێوەی گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستەکانن، کاتێک لەسەر جیاوازی فکر و باوەڕ خەڵک دەکوژن و کردەوەی تیرۆریستی وەکو دەسترێژی گولە و خۆ تەقاندەنەوە دەکەن. تەنها بەو کەسانەش دەوترێت هۆمۆفۆب کە توانای قبوڵکدنی بەرامبەرەکەیان نییە لە جیهان، وڵاتەکەی، شارەکەی، گەڕەکەکەی. لە کاتێکدا لەوانەیە ئەو کەسە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لەسەر کەسی هۆمۆفۆبیک نەبێت.
هۆمۆفۆبیا ترسێکی دروستکراوی کلتورییە و زۆر جاریش کردەوەی تیرۆرستی لێدەکەوێتەوە. عومەر میر سدیق مەتین کە هاوڵاتییەکی ئەمریکی بوو و لەهەمان کاتدا سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعەش بوو، لە کردەوەیەکی تیرۆریستی شاری ئۆرلاندۆ بە دەسترێژی گولە لە یانەیەکی شەوانی هاوڕەگەزخوازان 50 هاوڕەگەزخوازی کوشت. ئێستا بە عومەر دەوترێت هۆمۆفۆبیکێکی تیرۆریست.
هاورەگەزخوازی و ئیسلام
بەردەوام دەوترێت کە هاوڕەگەزخوازی هاوردەیەکی رۆژئاواییە، لە کاتێکدا رۆژئاوا هاوڕەگەزخوازی بە «قبووڵنەکراو» وێناکرد لە زۆرینەی ناوچە ئیسلامییەکاندا.
مانگی 11ی ساڵی 2021 لە تونس، خۆپیشاندانی هاوڕەگەزخوازان دژی بەتاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی بەڕێوە چوو. خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد «یاساکانی داگیرکەران لابدەن» مەبەستیان لە باتاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازی بوو کە زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا کاتێک تونس لە لایەن فەڕەنساوە داگیرکرابوو و حوکمڕانیان دەکرد لەوێ. لە کاتی حوکمڕانیاندا فەڕەنسییەکان یاسای بەتاوان ناساندنی هاوڕەگەزخوازیان دەرکرد لە تونس.
ڕامی خوەیلی، چالاکوانی هاورەگەزخوازانی تونس وتی، «سەدەیەک پێش ئێستا هەموو یاساکانی هۆمۆفۆبیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن داگیرکەرانی رۆژئاواوا هێنراوون. مەبەستیش لەم کارە بەدەستهێنانی «عەتفی» ئیسلامییەکان بووە لەو کاتەدا هەتا لەو رێگەیەوە بتوانن بمێننەوە لە ناوچەکە.»
هاوڕەگەزخوازی و زۆرینەی ئاینەکان بۆ نمونە ئیسلام بێبەشنەبوون لە هاوڕەگەزخوازان، بگرە بەشێکی گرنگی جوانی ژیان بووە. خەلیفەکانی دەوڵە ئیسلامییەکانیش حەز و ئارەزوی هاوڕەگەزخوازیان هەبووە. خەلیفەی ئیسلامییەکان لە بەغدا لە سەدەی نۆیەم کەپڵێکی کوڕی هەبووە و لە وڵاتدا پشتیوانی لە شعر و تێکست بۆ «کوڕی جوان» کردووە. لە دەوڵەتی عوسمانیش پێش سەدەی نۆزدەیەم هاوڕەگەزخوازی ئاسای کراوەتەوە، واتا نزیکەی سەدەیەک پێش ئەمریکا و ئەوروپا هاوڕەگەزخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسای کراوەتەوە.
مالیزیا کە یەکێکە لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان، وڵاتێک کە 32 ملیۆن دانیشتوانی هەیە، خاوەنی 3 ملیۆن هاورەگەزخوازە و بەپێی یاسای دەوڵەتیش ئەگەر کەسێک پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ هاوڕەگەزەکەی دروستبکات 20 ساڵ زیندانی دەکرێت. نمونەی دیکەی وڵاتانی ئیسلامی زۆرن کە پێشەنگن لە ژمارەی هاوڕەگەزخوازان لەناو کۆمەڵگەکانیان.
ئەو فەیلەسوفانەی کە لە بواری «دەسەڵات و هێز» کاریان کردووە بە لاواز لە هاورەگەزخوازانیان ڕوانیوە. بۆ نمونە، سوقڕات لە کتێبی کۆماردا دەربارەی کاری ژن دەڵێت تەنها کاریان خستنەوەی منداڵە هەتا جەنگاوەرمان زۆربێت و ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت بەهۆی زۆری جەنگەکانەوە پێویستان بە خستەنەوەی منداڵ بووە نەک هاوڕەگەزخوازی. لەبەر ئەم هۆکارەشە لە زۆرینەی زۆری ئاینەکان هاوڕەگەزخوازی حەرام و تاوانە، چونکە پێویستیان بە جانگاوەر دانیشتوانی زۆر بووە هەتا ئاینەکەیان سەربخەن. لە ئیسلامیشدا پێدەچێت هەمان شێواز بووبێت.
هۆمۆفۆبیا و کوردستان
وەک زۆربەی شوێنەکانی دیکەی جیهان کوردستانیش بێبەش نییە لە هۆمۆفۆبیا، ڕۆژانە کردەوە سەیرو سەمەرەکانیان دەبینین. لە نوێترین کردەوەیان بە دیواری پارکی ئازادی سلێمانیدا لەسەر فلێکسێکی پێنج هەزار دیناری چەترێک دادەنێن کە گوایە بۆتە قەڵغانێک بۆ پارێزگاریکردن لە ئاڵای پەلکەزێڕینە.
سەرەتا خودا دەزانێت کام تاقمی تیرۆریستی ئەم کارەی کردووە و دووەم نازانرێت کە ئایا پارەی دەغیلەی مزگەوتیان بەکارهێناوە یاخود پارەی زەکاتی کارکەرانی «داماو.» لەکام شوێنی جیهاندا رۆژێک لە رۆژان هاوڕەگەزخوازان پۆستەرێکیان دژی ئاینەکان و بەتایبەت ئیسلام بڵاوکردۆتەوە لەناو سەنتەری شاردا؟ تێناگەین لەکاتێکدا ئیسلامییە توندڕەوەکان بوونە هۆکاری کوژرانی هەزاران کەس لە کارەساتی خێڵی حەمە و هتد… زۆرینەیان لە ئەورووپا لەسەر داهاتی باجی یانەکانی شەوان و باجی سەر جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان دەژین. لەوێ بائازادی هەڵدەستن و دادەنیشن، لایڤی 10 سەعاتی دەکەنەوە و ڕق و کینە بڵاو دەکەنەوە، ئەگەر باشیشیان نەکات ئەوان بە ناوی خێزانی هەژار و نەشتەرگەری ئەنجامدان بۆ کەسانی کەم دەرامەت پارە کۆدەکەنەوە و دواتر لە سەدان کردەوەی نامرۆڤانە سەرفی دەکەن.
کۆمەڵگەی کوردی لە دێرزەمانەوە ئازادی تێدا بەدی کراوە، ژن کاری کردووە، هاوڕەگەزخوازی تاوان نەبووە و کەسیش لە مێژووی کۆنی کوردا لەسەر هاوڕەگەزخوازی نەکوژراوە. ئەمەی ئێستا هەیە دەرئەنجامی بەهەڵە تێگەیشتنە لە ئاین و بازرگانی کردنە. لە ئاینی ئیسلامدا رێز لە بیرو باوەڕی جیاواز گیراوە و تەنانەت لە کاتی فەتحەکانیشدا هەڵگرانی بیروباوەڕی دیکە نەکوژراون بەڵکو داوای لێکراوە باج بدەن لەبەرامبەر هاوڵاتی بوون و لە کاتی جەنگەکانیش نەبراون بۆ شەڕکردن. لە قورئاندا سەدان جار باس لە پێکەوە ژیان کراوە و «لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ» بەکار هاتووە. واتا سەدان جار وتراوە کە تۆی موسڵمان مافت نیە چاودێری دراوسێکەت بکەیت، چاودیری خەڵکی بکەیت و مافت بەسەر خەڵکەوە هەبێت. بەڵکو تەنها وتراوە ئاینەکەت بڵاو بکەرەوە و خەڵک هۆشیار بکارەوە (بە پێی بیروباوەڕی ئسیلام) ئەمەش رۆژانە دەکرێت، بۆ نمونە، رۆژی پێنج جار بانگ دەدرێت لە مزگەوتەکان، سەتان پەیج و کەناڵی بانگەشە کردن بۆ ئیسلام هەن، پێویستە تاکی ئسیلامی لەوە تێبگات کە ئەم گەردونە تەنها هی ئەوان نیە و تەنها مەرج نیە بەو بیروباوەڕە ژیان بکرێت. سەتان هاوڕەگەزخواز خەلیفە بوون، زانایانی ئیسلامیش هاوڕەگەزخوازیان تێدا بووە، ئەو داهێنانانەی کە ئیسلامیەکان ئێستا بەکاری دەهێنن زۆرینەیان لەلایەن هاوڕەگەزخوازانەوە داهێنراوە. هاوڕەگەزخوازی تاوان نییە، سوکایەتی کردن بە هیچ بیروباوەڕێک نییە، زیانیشی بۆ هیچ کەسێک نییە.
خودا لە قورئاندا دەفەرمێت: «قُلۡ كُلّٞ يَعۡمَلُ عَلَىٰ شَاكِلَتِهِۦ فَرَبُّكُمۡ أَعۡلَمُ بِمَنۡ هُوَ أَهۡدَىٰ سَبِيلٗا.» واتا: «(ئەی موحەممەد) بڵێ ھەموو کەس لەسەر ڕێبازی خۆی کار دەکات، جا پەروەردگارتان زاناترە بەو کەسەی کە ڕێبازەکەی ڕاستترە.» کەواتە پۆستەر هەڵواسین دژی هاوڕەگەزخوازی، کوشتنمان، ئازاردارمان، یان دژ وەستانەوەمان تاوانکردنە بەرامبەر رێگەی خودا و لادانە لە بنەما ئیسلامییەکان.