هۆمۆفۆبەکان دەیانەوێت بە فەرمی داکۆکیکردن لە هاوڕەگەزخوازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە نایاسایی بکەن

پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی پرۆژە یاسایەک داکۆکیکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بە نایاسایی بکات

خاڵە سەرەکییەکان

  • عارف حەمامی وتی بزووتنەوەیەکی پەرلەمانی هەیە بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاوڕەگەزخوازی لە عێراق
  • ئەمیر عاشوور وتی ئەم پرۆژە یاسایە نوێیە دژی یاسا عێراقی و نێودەوڵەتییەکانە
  • پێشنیاری نایاساییکردنی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە کراوە لە هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە
  • پێشنیار کراوە سزای داکۆکیکردن لە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە بەندکردن یاخود پێبژاردن بێت
  •  ڕێکخراوەی عێراق کویر وتی ئەم پێشنیازە بڕیارە هێرشیکی دیکەی بەرپرسانی عێراقە بۆ سەر کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە
  • پێشووتر بەرپرسە عێراقییەکان بەشداربوون لە هاندانی توندوتیژی بەرامبەر کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە
  • ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هیومن ڕایتس وۆچ ڕاپۆرتێکی لەسەر توندوتیژی بەرامبەر کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە لە عێراق بڵاو کردووەتەوە

پێشنیازە بڕیارەکە سزای پێبژاردن و بەندکردن بەسەر ئەو چالاکوانانە دەسەپێنێت کە «بانگەشە» بۆ هاوڕەگەزخوازی یاخود داوای مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەم پێشنیازە بڕیارە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ شەرمەزارکراوە و پێیان وایە دەبیتە هۆکاری پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە هەرێم.

ڕۆژی 8ی حوزەیرانی ئەمساڵ، عارف ئەلحمامی، پەرلەمانتاری عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، کە بزووتنەوەیەکی پەرلەمانی هەیە بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە «قەدەغەکردنی» هاوڕەگەزخوازی لە عێراق. ساسیەتمەدارانی عێراق داوای دەرکردنی نوێنەرایەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا و کەندا و بەریتانیایان کردبوو دوای ئەوەی لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی هۆمۆفۆبیادا، ئاڵای سەربەرزییان لە باڵوێزخانەکانیان هەڵکرد.

ئەمیر عاشور، چالاککوان لە مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و دامەزرێنەری ڕێکخراوی عێراق کویر، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی نیو عەرەبی وتی:

«ئەم پرۆژە یاسایە نوێیە دژی یاسا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان دەبێت کە گەرەنتی پاراستنی یەکسانی و پێکەوە ژیان بۆ هەموو هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە دەکەن بێ گوێدانە پێی خواستە ڕەگەزییەکان. عێراق لە ساڵی 2020 لە یاداشتێکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەوەدا داناوە!»

  کوردستان

لە ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ئەمساڵ، ئیسماعیل عەلی تەها، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازە یاسایەکی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. لەم پێشنیازە یاساییەدا داکۆکیکردن لە مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕێنە لە کوردستان بە تاوان دادەنرێت. ئەگەر هاتوو ئەم پرۆژە یاسایە لە پەرلەمان تێبپەرێت، ئەوا هەموو ئەو کەس و گرووپانەی کە داکۆکی لە مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەکەن دووچاری لێپێچوونەوە و پێبژاردن و بەندکردن دەبن.

بە پێی پێشنیازە بڕیارەکە سزا بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی دەکەن، بە پێی ماددەی یەکەم: هەر کەسێک بە کردار یاخود گوتەیەک بانگەشە یان هاندان بۆ هاوڕەگەزخوازی بکات، بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک مانگ کەمتر نەبێت و لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت، یان بە پێبژاردن کە لە 500 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە هەردووکیان سزا دەدرێت.

ئەم پێشنیازە بڕیارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەر کەسێک یاخود ڕێکخراوێک قسە لەسەر مافەکانی مرۆڤ تایبەت بە هاوڕەگەزخوازان لە کۆمەڵگا بکات، بە تاوانبار لە قەلەمیان دەدات. وە هەروەها هەر جۆرە ڕووماڵ و بەرنامەیەکی میدیایی لەبارەی پرسەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە قەدەغە دەکات، وە ئەنجامدانی هەر بۆنە و گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیریکردن لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەکاتە تاوان.

پەرلەمانتار ئیسماعیل عەلی تەها لە چاوپێکەوتنێکدا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند کە سەرنجی داوە کە پرسەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆ تاوتوێ دەکرێت، هەر بۆیە بڕیاریداوە پرۆژە یاسایەک بەرزبکاتەوە بۆ ئەوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان قەدەغە بکات. تا 6ی ئەیلولی ئەمساڵ 76 پەرلەمانتار پشتگیرییان لە پێشنیازە یاساکە کردووە.

ڕێکخراوی عێراق کویر، کە ڕێکخراوێکی عێراقییە پێشتر لە لایەن ئەمیر عاشوورەوە سەرپەشتی دەکرا، لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی ئەم هەوڵە پەرلەمانییەی کرد و دەڵێت:

«ئەم پێشنیازە بڕیارە هێرشیکی دیکەی بەرپرسانی عێراقە بۆ سەر کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، بەڵام ئەمجارەیان لەلایەن بەرپرسە کوردەکان! نزیکەی دوو دەیەیە هاوڕەگەزخوازان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دووچاری دەستدرێژی و ئەشکەنجە و کوشتن بوونەتەوە. حکومەتەکانی عێراقی و کوردی نەک هەر نەیانتوانییوە کۆتایی بەو تاوانانە بهێنن بەڵکو لە ڕاستیدا زۆرێک لەو تاوانانە لە ڕێگەی هێزەکانی پۆلیس و گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون».

عێراق و هاوڕەگەزخوازی

موقتەدا سەدر، سەرکردەی دیاری عێراقی کە فراکسیۆنەکەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا زۆرترین دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەدەستهێناوە، چەندین جار لەسەر پرسەکانی هاوڕەگەزخوازی لێدوان و قسەی هەبووە و خواستی هاوڕەگەزخوازی بە لادان و پارافیلیا ناو بردووە. لە ڕاستیدا، موقتەدا سەدر ئەوەندەی دژایەتی هاوڕەگەزخوازی ومافەکانی کردووە، پێی وایە کە دەبێت ڕۆژێک هەبێت بۆ دژایەتی کردنی هاوڕەگەزخوازان و مافەکانیان لە جیهان. سەدر پەتای کۆرۆنای خستە ئەستۆی هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزخوازان و نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون بە ئاوەڵەی هاوڕەگەزخوازان ناوبرد.

هیومن ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ژیانی کەسانی هاوڕەگەزخواز لە عێراق. ڕاپۆرتەکە لە سەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە 50 هاوڕەگەزخواز لە عێراق ئەشکەنجەدانی کەسانی هاوڕەگەزخواز لە عێراق بەڵگەدار دەکات. بەڵگەکانی ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڕەگەزخوازان لە عێراق و شکستی حکوومەتی عێراق لە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانباران و بەڵکوو تێوەگلانی پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت لە راپۆرتەکدا بڵاوکراوەتەوە:

«حکومەتی عێراق نەیتوانیوە لێپرسینەوە لە ئەندامانی گروپە چەکدارە جیاوازەکان بکات کە لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بوون لە ڕفاندن و دەستدرێژیکردنە سەر و ئەشکەنجەدان و کوشتنی هاوڕەگەزخواز و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕەکان، بەڵکو ئەم تاوانانە بە بێ سزا تێپەڕیوون».

ئەم راپۆرتە 86 ڵاپەڕییە کە بە ناوی «هەموو کەسێک دەیەوێت بمرم: کوشتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی دژی هاوڕەگەزخوازان و ئەندامانی پەلکەزێڕینە لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە عێراق» بڵاوکراوەتەوە، کەیسەکانی توندوتیژی و هەوڵدان بۆ کوشتنی هاوڕەگەزخوازان لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە تایبەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ڕاستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندان بە بەڵگە و دیکۆمێنت دەخاتە ڕوو.

 لە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت شانازی بە «برەودانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە» دەکات و هەرێمی کوردستان بە «پەناگەیەکی سەلامەت» ناو دەبات، بەڵام حکومەت متمانەی کۆمەڵگەی ناوەخۆی پەلکەزێڕینە لە دەست دەدات و تاکەکانی چیتر هەرێمی کوردستان بە فەزایەکی سەلامەت نابینن ئەگەر هاتوو ئەم پێشنیازە بڕیارە تێبپەرێت. لە ئێستادا کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە کوردستان دووچار ئالەنگاری قورس بوونەتەوە.

پشتگیری کەمتر بۆ مافەکانییان لە ناوچەکەدا هەیە، زۆر گرووپ و پارتی سیاسی بە ئاشکرا دژایەتییان دەکەن. ئەم پێشنیازە بڕیارە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە کوردستان زیاتر پەراوێز دەکات و هەروەها ژیانیان لە عێراق قورستر دەکات.

ئەم بابەتە هاوبەش بکە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

بڵاوکراوەی زیاتر