بۆ نموونە لە دێر زەمانەوە «ژنێتی» و «پیاوەتی»، «ژنێتی» بەستراوەتەوە بە سۆز، میهرەبانی، بەخێوکردنی مناڵ، پشتبەستن بە پیاو، هەست ناسکی و بێهێزی.
«پیاوەتی»ش بەستراوەتەوە بە پێشەوایەتی، توڕەیی، شیکەرەوەیی، پێشبڕکێخوازی، بەدەسەڵاتی و سەربەخۆیی. لێرەشەوە پێویست ناکات باسی ئەوە بەکەین کە کام وەسف هی کام جێندەرە چونکە ڕوونە کە چۆن جیا کراوەتەوە.
ئەگەر تۆش باوەڕت بەمانە نەبێ، دڵنیابە کە رۆژێک لە رۆژان بەرکەسێک کەوتوویت کە بەم شێوازە بیری کردبێتەوە.
جێندەر لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا
ئێمە هەرچۆنێک ڕەفتار بکەین و ڕاست و هەڵە جیا بکەینەوە و خۆمان بە کەسێکی زۆر تەندروست ببینین، هێشتا مانای ئەوە نادات کە ئێمە بە تەواوی تەندروست و ڕاستین بەڵکو مانای زۆر لەمە قوڵتر هەڵدەگڕێ.
کێشە سەرەکییەکە لەگەڵ نایەکسانی جێندەر ئەوەیە لە کۆی سێ ژن، دوو دانەیان ڕووبەڕووی نایەکسانی جێندەر دەبنەوە لە تەواوی جیهاندا و عێراق لە ڕیزی دووەم خراپترین دەوڵەتە بۆ بابەتی نایەکسانی جێندەری. ئەگەر عێڕاق دووەم خراپترین دەوڵەتە بۆ کێشەی نایەکسانی جێندەر و ئایسلەندا باشترین دەوڵەتە بۆ یەکسانی جێندەر، هۆکارەکەی بۆ چەند شتێک دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە، زۆربەی پلە و پۆستە حکومییەکان دراوە بە ژن، بیروڕایەکی کۆمەڵایەتی بەهێز هەیە کە خۆیان ناویان ناوە «ژنی بەهێز» و کاری پێ دەکەن و بڕوایان پێیەتی.
سەرەتای ئەم گەشە کۆمەڵایەتییە بۆ ساڵی 1914 دەگەڕێتەوە، کاتێک بۆ یەکەم جار ژنانی ئایسلەندا کۆبوونەوە بۆ داواکردنی هەندێک لە مافەکانیان لەوانە؛ ڕێگەدان بە بوون بە قەشەی پرۆتستانەکان، مافی دەنگدان و خۆهەڵبژاردن بۆ پەرلەمان. ژنان بەردەوامبوون لە خەبات کردن هەتا بزووتنەوەیەکی بەهێزیان دروستکرد لە ساڵانی 1960 وە خەباتیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی ژندا کرد.
لە نێوان سالانی 1983-1915 لە سەدا 2 بۆ 5 ی پەرلەمانتارەکانی ئایسلەندا ژن بوون بەڵام لە ساڵی 2017 لە کۆی 63 کورسی پەرلەمان 24 دانەیان ژنن.
بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی ژن لە ژینگەی ئایسلەندا بۆتە هۆی پێشکەوتن بۆ نموونە توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ژنان بەهرەیان لە پیاو زیاترە بەم مەبەستەش دەتوانین بڵێین کە هۆکاری پێشکەوتنی وڵاتانی ئەوروپاش بۆ بەشداری ژنان دەگەڕێتەوە لە کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایاتیەکاندا.
جێندەر ستیریۆتایپ چۆن نایەکسانی جێندەری دروستدەکات؟
بڕوانە ئەم نموونەیە بۆ تێگەشتن لە چۆنییەتی سەرهەڵدانی کێشەی نایەکسانی جێندەری لە منداڵییەوە هەتا گەورە بوون.
ژیر و لەیلا هاوتەمەنی یەکن، لە یەک شار گەورە بوون. ژیر لەگەڵ باوکی خەریکی دارتاشی بوو، لەیلاش لەگەڵ دایکی خەریکی کاری ناوماڵ بوو. لە کۆمەڵگەوە ئەوە چەسپێنرا کە ژیر نابێ پۆشاکی پەمەیی بپۆشێت و لەیلاش ئەوە فێر بوو کە نابێت تێکەڵی کوڕبێت چونکە عەیبەیە. کە گەورەبوون لەیلا و ژیر هاوسەرگیریان کرد. دوای خوێندنی زانکۆ بە دوای کاردا گەڕان و کاریان دەسکەوت بەڵام موچەکەی لەیلا کەمتر بوو لەوەی ژیر. لەیلا وا پەروەردە کرا کە پشت بە ژیر ببەستێت بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی. ئەم پیاو ماقوڵەی لەیلاش توڕە دەبوو ئەگەر خواردن لە کاتی خۆیدا ئامادە نەدەبوو یان جلەکانی نەشۆردرابوون. لەیلا تووشی لێدان و ئازار دەبووەوە و نەهامەتییەکی زۆری دەچەشت.
لەم چیرۆکەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی نایەکسانی جێندەری لە خێزانەوە دەست پێدەکات وە لە کاتی جیاکردنەوەی ئەرکەکان بە پێی کلتور و دابونەریتی باو و باپیرانمان و کۆمەڵگە دەبێت. جا یەک پەندی پێشینانی زۆر جوان هەیە لەسەر ئەم بابەتە کە دەڵێت: «من ئاغا و تۆ ئاغا، ئەی کێ قاپەکان بشوا؟!»
باشە ئەگەر ئەم ئەرکانە پێچەوانە بکەینەوە، دەبێت کۆمەڵگە چی بە ژنەکە و بە پیاوەکە بڵێ؟
لەوانەیە بە پیاوەکە بڵێن «پیاوە بەس لە حەمامی ژنانە»! بەڵام لە راستییدا زۆر ئاساییە، لە داهاتوو بۆتان ڕوون دەبێتەوە بەڵام بەردەوامبن لەگەڵمان!
کاتێک لە هەواڵەکانیش دەبیستیین پیاوێک ژنەکەی یان کچەکەی کوشت خەڵک لەوانەیە بڵێ هەڵبەتە «ژنەکە شتێکی کردووە بۆیە کوشتوویەتی»! بەڵام ئەگەر لە مەسەلەکەش بکۆڵینەوە بە ووردی، هۆکارەکە ئەوەیە کە کۆمەڵگە وای داناوە کە قسەی پیاوەکە سەنەد بێت و ژنەکە تاوان باربێت.
لە ساڵی 2016 لە سعودیە، پیاوێک دکتۆرێکی پیاوی بریندارکرد، لەبەر ئەوەی لە خەستەخانەی منداڵبوون دکتۆری ژنی لێ نەبووە و ئەم دکتۆرە پیاوە یارمەتی ژنەکەی داوە بۆ لەدایکبوونی مناڵەکەی.
ئینجا ئەم ستێریۆتایپانە، یانی ئەو ڕابینیانەی کە کۆمەڵگە هەیەتی بۆ جێندەرێکی دیاریکراو، بە کورتی و پووختییەکەی ئەو شتانەی پێشوو کە باسمان کرد، وەکوو نمونەکەی ژیر و لەیلا، پێی دەوترێت ستێریۆتایپی جێندەری.
یەکێکی تر لەو کێشانە کە بۆ بابەتی جێندەر هەیە، دیاریکردنی ڕابینیەکانی کۆمەڵگەیە بۆ ژن و پیاو، کە بە چ شێوازێک بن تاکوو قبوڵ بکرێن. بۆ نموونە، ژن دەبێت لە ماڵەوە دابنیشێت و نەخوێنێت و خەریکی مناڵ بەخێوکردن بێت لەجیاتی کارکردن، پیاویش دەبێت هەموو ژیانی خۆی بکات بە قوربانی و بەردەوام خەریکی پارە پەیاکردن و هەڵگرتنی دەیان بار بێت. جێندەر ستیریۆتایپەکان هۆکاری ئەوەیە کە ژنان زیاتر لە پیاوان نەشتەرگەری جوانکاری لە جیهاندا ئەنجام دەدەن.
بە پێی ئامارێکی ASPS بۆ ساڵی 2020، لە وڵاتی ئەمریکا 2,295,722 کەس جوانکاری ئەنجامداوە لەم ژمارەیەش 289,360 کەس پیاو بووە، 2,006,362 کەسیش ژن بووە. وەڵامەکە ڕوونە: ئەو ستێریۆتایپەیە کە کۆمەڵگە بە درێژای مێژوو دروستی کردووە کە ژن دەبێت جوانبێ و پیاویش دەبێت مووی ڕەقبێت، ئەگینا ئەم شتانە هەمووی قسەی بێمانایە.