لەبەر ئەوەی دراما و سینەما ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگایە، دەیان کارەکتەری سەر بە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە بەرهەمە ناوازەکانی سینەما و تەلەفزیۆندا بەدەرکەوتن. مایەی خۆشحاڵییە کە کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە هەڵبژاردەیەکی هەمەچەشنی هەیە لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان. هەر بۆیە پێشنیاری دە لە باشترین لەو زنجیرە درامایانەتان بۆ دەکەین کە دەتوانن خۆتان و هاوڕێکانتان چێژ لە سەیرکردنی چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانیان وەربگرن.
هارتستۆپەر
زنجیرەیەکی سۆزداری تۆڕی ناسراوی نێتفلێکسە کە لایەن ئەلیس ئۆسمانەوە دروست کراوە. ئەم زنجیرەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوری هەردوو هەرزەکار چاڕڵی سپرینگ و نیک نێڵسن دەسوڕێتەوە، کە سەرەتا پەیوەندییەکەیان بە هاوڕێیەتی دەست پێدەکات و دواتر وردە وردە بەرەو پەیوەندییەکی سۆزداری گەشە دەکات. ڕووداوەکانی ئەم زنجیرەیە لە قوتابخانەی تروهام و هیگیز ڕوودەدەن کە تێیاندا گەشتێکی سەردەمییانە بۆ کێشەکانی هەرزەکاران بە گشتی و هاوڕەگەزخوازن بە تایبەتی دەکەین. ئەم زنجیرەیە چەندین تەوەری پەیوەندیداری بە بابەتەکانی هاوڕەگەزخوازی و ناسینی خواستی ڕەگەزیی خود و تێڕوانینی خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگە بۆیان و تەوەرەکانی تری وەکو هۆمۆفۆبیا و ترانسفۆبیا بە شێوەیەکی درامی دەخاتە سەر شاشەکان.
یوفۆریا
یوفۆریا، درامای هەرزەکارانە، یەکێکە لە سەرکەوتووترین و دیارترین زنجیرە تەلەفزیۆنییەکانی ئەم دەیەیە. ئەم زنجیرەیە کێشەکانی تایبەت بە هەرزەکاران دەباتە بەرزاییە نوێیە تاریکەکان. چیرۆکی ئەم درامایە لە ڕێگەی هەردوو کارەکتەری سەرەکی ڕوو وەک ئالوودەبووێکی هەرزەکار و جوڵز وەکو کچە ڕەگەزگۆڕێکی وێل بە دوای خۆشەویستی و ژیان نمایش دەکات. لە ڕاستیدا یوفۆریا وێنای ڕاستەقینەی جیهانی ئەمرۆی هەرزەکاران و گەنجان دەگوازێتەوە سەر شاشەکان. ئەم درامایە کۆمەڵیک چیرۆکی تایبەت بە کێشە و ئالەنگارییەکانی کۆمەڵگەی پەلکە زێرینە دەخاتە ڕوو هەر لە خۆدۆزینەوەی جێندەری تاوەکو هۆمۆفوبیا و نەخۆشییە دەروونییەکان. ڕۆڵ گێرانە نایابەکانی ئەکتەرانی وەکو زێندایا و هانتەر شافەر و جاکۆب ئێلۆردی و سیدنی سوینی وات دەکات کە دەبێت لە لیستی سەیرکردنی هەموو کەسێک بێت. دەتوانن ئەم زنجیرەیە بە ژێرنووسی کوردی سەیر بکەن.
یەنگ ڕۆیەڵز
درامای سویدی گەنجە شاهانییەکان باسی چیرۆکی میراتگری تەختی پادشایەتی شازادە ولهێلم دەکات کە بە هۆی نەریتی خێزانی شاهانە ناچارە لە بە شە ناوخۆیی قوتابخانەیەکی تایبەت بە منداڵی خێزانە خانەدانەکان بژیت. لە کاتی مانەوەیەدا، شازادە ویلهێلم پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ هاوپۆڵێکی خۆی بە ناوی سیمۆن دەبەستێت. زنجیرەکە زۆرێک لە کێشە دیارەکانی هەرزەکاران بە گشتی دەخاتە ڕوو لە هەمان کاتدا بابەتەکانی تایبەت بە خوناسینی ڕەگەزی و دۆزینەوەی خود و ئالینگارییەکانی پەیوەست پێیان نیشان دەدات کە زۆرێک لە هاوڕەگەزخوازان دەتوانن خۆیان لە ناو کارەکتەر و ڕووداوەکانیدا ببیننەوە.
پۆوز
لەبەر ئەوەی چیرۆکی درامای پۆوز لە ناوەڕاستی قەیرانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز لە ساڵانی هەشتاکاندا ڕوودەدات، هەموو کارەکتەرەکانی ناوی (کە زیاتر ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و ڕەشپێستن) هۆکارێکیان هەیە بۆ ئەوەی باوەڕ بەوە بکەن کە تەمەنییان بەرەو کۆتایی دەچێت.
تەمەنی بەشێکیان بەڕاستی کۆتایی دێت، بەڵام لەبەر خراپی بەهاناچوونی حکومەت و ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی لە لایەن دامەزراوە پزیشکییەکان دۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت. لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەدا کارەکتەرە هاوڕەگەزخوازەکانی ئەم درامایە لە بەرامبەر ژیان و ئالەنگارییەکان جەنگی مانەوە دەکەن بە پێکهێنانی خێزان و ئەزموونکردنی خۆشی و پۆشینی پۆشاکی ڕەنگاورەنگ و گۆرانی وتن. پۆوز هیوابەخشە چونکە کارەکتەرەکانی ناوی هیواخوازن.
سێکس ئێدیوکەیشن
پەروەردەی سێکسی یەکێکە لە دراما تەلەفزیۆنییە نایابەکان کە تەنانەت بینەری بەتەمەنیش دوای سەیرکردنی، خۆزگەی بەوە دەخوازن کە ئەم دراماییە لە ماوەی هەرزەکاری و گەنجیاندا بوونی هەبووایە بۆ ئەوەی نیشانی هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی بدابایە کە ئەزموونە جێندەری و سێکسییە جیاوازەکان بە تەواوی ئاسایین. ئۆتیش هەرزەکارێکی شەرمنە بە زەحمەت دەتوانێت پەیوەندی خۆشەویستی و سۆزداری ئەنجام بدات، لە کاتێکدا دایکی چارەسەرکەرێکی تایبەت بە کێشەکانی سێکسە. سەڕەڕای ئەمانە ئۆتیش لەگەڵ کچێکی شۆخ و بە ناوبانگی قوتابخانەکە پێکەوە کۆرسێکی تایبەت بە سێکس و کێشەکانی بۆ خوێندکارانی قوتابخانەکە دەکەنەوە.
ڕووداوەکانی ئەم زنجیرەیە لە وێڵز ڕوودەدات، گەشەکردنی کارەکتەرکان و هێڵە درامیییە نایابەکانی زنجیرەکە بۆ بابەتە هەستیارەکانی تایبەت بە سێکس و جێندەر بەسە بۆ ئەوەی پێشنیاری سەیرکردنی بکەین. دەتوانن ئەم زنجیرەیە بە ژێرنووسی کوردی سەیر بکەن.
ستیڤن یونیڤێرز
ئارەزووی تەماشاکردنی ئەنیمەیشن دەکەیت؟ ئەوا بێگومان پێشنیاری سەیرکردنی گەردوونی ستیڤنت بۆ دەکەین. ئەم ئەنیمەیشنە بە یەکێک لەو ئەنیمەیشنانە دادەنرێت کە شۆرش و گۆڕانکارییەکی گەورە لە پیشەسازی ئەنیمەیشندا دروست کرد. جیهانی ئەنیمەیشنی بەرەو قووڵبوون و گشتگیربوونی زیاتر لە چیرۆک و کارەکتەرەکانی برد.
ئەم زنجیرەیە باس لە کوڕێکی نیوە گەوهەر و نیوە مرۆڤ دەکات کە لە لایەن گەوهەرە بلوورییەکانەوە بە خێۆ دەکرێت، ئەم کوڕە یاخیبووە لە پاڵ گەڕان بە دوای شوناس و خواستی ڕەگەزی خۆی، گەردوونی لە لەناوبردن ڕزگار دەکات. ئەم ئەنیمەیشنە بە شێوەیەکی مەتافۆر باس لە پرسەکانی هاوڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕەکان دەکات، بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە نێوان کات بەسەربردن و پەروەردەکردنی کویردا چیرۆکەکانی دەگێڕیتەوە.
ئیلیت
خانەدان یان ئیلیت زنجیرە درامایەکی ئیسپانییە. لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەم وڵاتە ڕووداوێکی کوشتن ڕوودەدات، لە ڕێگەی لێک بەستنەوەی دیمەنەکانی ڕابردوو و چیرۆکەکانی ئێستا تێکەڵ بە خۆشەویستی و سێکس پەردە لەسەر وورەدەکاری پشت ڕووداوەکە وردە وردە هەڵدەدرێتەوە.
ئەم درامایە بەوە دەناسرێت کە کارەکتەری قووڵ و ئاڵۆزی کۆمەڵگەی پەلکە زێڕینە لە خۆ دەگرێت و لە ڕێگەی پەیوەندی سۆزداری و هەندێک ئاکشن، پرسەکانی تایبەت بە گەنجان و هاوڕەگەزخوازان و کێشەکانیان دەگێڕێتەوە. دەتوانن ئەم زنجیرەیە بە ژێرنووسی کوردی سەیر بکەن.
گلی
ڕەیان مۆرفی دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر، ناوێکی دیاری هۆلیوودە ئەو چیرۆکانەی کە لە دراماکانی دەگێڕیتەوە تەواو جیاوازە لەوانەی پێش خۆی. بەردەوام کارەکتەری کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و کێشەکانیان لە دراماکانی ئەودا بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەون. ئەو کاتەی درامای گلیی خستە سەر تەلەفزیۆنەکان زۆر بە کەمی کەسایەتییەکی سەر بە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە دراماکان دەرکەوتنیان هەبوو. هەر لەبەر ئەوە گلی وەچەرخانێکی مێژوویی بوو لە جیهانی دراما تەلەفزیۆنییەکان.
گلی باس لە گرووپی مۆسیقای قوتابخانەیەکی ئامادەیی دەکات لە ئۆهایۆ، خوێندکاران کە هەر یەکێکیان لە ڕەگەز و خێزان و پاشخانی جیاوازەوە هاتوون لە ڕێگەی گۆرانی و مۆسیقاوە باس لە کێشە سەردەمییەکانی گەنجی ئەمرۆ دەکەن. پەیوەندی خۆشەویستی هاوڕەگەزخوازیی نێوان کارەکتەرە سەرەکییەکانی وەکو سانتانا و بریتنی و کورت و بلەین وامان لێدەکات بە چێژێکی زۆرەوە لە دیاری دابنیشیین.
ڕووپۆڵز دراگ ڕەیس
ئەم ریالیتی شۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە پێویستی بە هیچ ناساندنێک ناکات چونکە بوونی خۆی لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە چەسپاندووە بە ڕادەیەک هەفتانە باس باسی دیمەنەکانی کۆتا ئەڵقەی پەخشکراوی ئەم بەرنامەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و مەجلیسی ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە.
ئەم بەرنامەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی بە پەخشکردن کرد لەو کاتەوە دەیان بەرنامە و وەرزی تری لێ دەرچووە. لە ڕاستیدا ڕووپۆڵز دراگ ڕەیس جیهانی شاژنەکانی دڕاگی هێنایە سەر شاشەکان وایکرد کلتوور و پرسەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە زیاتر بخرێتە بەر باس. ئەگەر تا ئێستا سەیری ئەم شۆیەت نەکردووە ئەوا بە دڵنیاییەوە پێشنیاری سەیرکردنی دەکەین.
سێنس ئەیت
خەیاڵی زانستی هەمیشە هێزی ئەوەی هەیە سنوورەکان تێک بشکێنێت بەو جۆرەی کە چیرۆکگێڕ بە گونجاوی دەزانێت، چیرۆکگێر و دروستکەرانی درامای سێنس 8 زیاتر لەوەمان پێشکەش دەکەن. ئەم درامایە باس لە چەند کارەکتەرێک دەکات کە لە ڕەگەز و پاشخانی جیاوازەوە هاتوون وە لە ڕووی سۆزداری و دەروونییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە. چیرۆکەکانی ئەم دراما ناوازەییە دووبارە سنوورەکانی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان وێنا دەکاتەوە وا لە بینەرانی بێشوماری دەکات ئەو هەست و حەز و پەیوەندییانە لەسەر شاشە ببینن.