fbpx

مێژوو و چەمکی جێندەر: بەشی یەکەم

مێژوو و چەمکی جێندەر: بەشی یەکەم

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jul 10, 2022

هاوبەشکردن:

07/24/2022

جێندەر واتە ژنێتی یان پیاوەتی، یان جێندەری سێیەم. جێندەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بوونی هەبووە وە بەدرێژایی مێژوو جێگەی گفتوگۆ بووە. دەتوانین بڵێین کە مێژوو فەلسەفەیە و بە نموونەوە فێرمان دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش مێژوو بە سێکوچکەی تێگەیشتن لە جێندەر دادەنێین.

لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی جێندەر نەک تەنها ژن وەکو نوێنەرێکی مێژووی دەناسینێ بەڵکو پیاوانیش وەکو زیندەوەرێکی بێلایەن دەناسینێت کە جێندەر و پیاوبوونیان پێویستی بە هیچ سەرنجێک نیە. لە هەموو کلتورەکاندا ئاوێتەی جێندەری بناغەی بیرکردنەوەیە و لە ژیانی ڕۆژانەدا و لە ناو کلتورە جیاوازەکانیشدا بەکاردێت.

دەبێ دووبارە بپرسین کە جێندەر چییە؟ میژووی جێندەر چی بووە؟ زانینی ئەمە سودی چییە بۆ تۆی کورد؟ بابەتەکە فراوانە و ساڵاهای ساڵە قسەی لەسەر دەکرێ. ئان ئۆکلی کە ژنێکی بەریتانی بوو لە ساڵی 1972 بۆیەکەمجار وشەی جێندەری بەکارهێنا و دوای ئەوەی مشتومڕیکی زۆری لەسەر کرا، بوو بەستانداردێکی جیهانی.

جگە لەمەش ئۆکڵی جیاوازی خستە نێوان هەردوو وشەی سێکس و جێندەر. کە بۆ ئۆکڵی سێکس بە مانا بایۆلۆجییەکەی دێت و جێندەر ئەوەیە کە خۆمان دروستی دەکەین، وەکو خود و کەسێتی کۆمەڵایەتی، چۆن؟ بۆ نمونە هەر لە منداڵییەوە بە شێوەیەک جیا کراوەتەوە کە ڕەنگی پەمەیی بۆ کچە و ڕەنگی شین بۆ کوڕە. یان دەڵێن یاری قۆڕی و پیاڵە بۆ کچ و شۆفل و سەیارە بۆ کوڕ و هتد…

شۆڕشی پیشەسازی و جێندەر

لە مێژووی دوور و درێژی پێش شۆڕشی پیشەسازی، ژن و پیاو پێکەوە بە هەرەوەزی کشتوکاڵیان دەکرد، زەویان دەکێڵا، ئاوی بەروبوومەکانیان دەدا بەڵام ئەم شۆڕشە نەگریسە هەموو شتێکی گۆڕی، وای کرد کە پیشەکان جیابکرێنەوە، بەشێکی ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە و کارگەکانیش زیاتر ببن بە شوێنی پیاوان. مێژووی ژنیش لە کاتی شۆڕشی پیشەسازی پرسیاری دروستکرد دەربارەی دروستبوونی چینایەتی و پیشەسازی، ئەوەی گرنگبوو لەو کاتەدا بابەتی کارکردنی ژن و پیاو بوو.

شۆڕشی پیشەسازی کە لە بەریتانیا لە نێوان ساڵانی 1760 – 1830 دەستی پێکرد، ئامێری کرد بە جێگرەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و لە ئەنجامیشدا جیاوازی جێندەری زیاتر کرد. لەگەڵ ئەوەشدا شۆڕشی پیشەسازی جیاکاری نێوان ژن و پیاوی تۆختر کردەوە و بۆشاییەکی دروستکرد لە نێوان کارکەرانی ژن و کارکەرانی پیاو بە شێوەیەک هەندێک ژنی کرد بە خاوەن کاری خۆی و لە هەمان کاتیش زۆرینەی ژنانی بێکارکرد و وایکرد ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە.

لە کاتی کارکردن لە کارگەکانیشدا ژنان پارەی کەمتریان پێدەدرا بە جۆرێک ئەگەر پیاوێک 750 هەزاری وەرگرتبا لە مانگێکدا ئەوا ژنێک 250 هەزاری وەردەگرت واتا یەک لەسەر سێی پیاو. ئیتر زۆر کەس قسەیان لەسەر ئەم نا دادپەروەرییە کردووە، یەکێک لەوانە ئەنیشتانە کە دەڵێت؛ «شۆڕشی پیشەسازی وایکرد ژنان لە ماڵەوە کار بکەن بە بێ وەگرتنی هیچ بڕە پارەیەکیش، ئیتر وردە وردە ئەمە کاریگەری خستە سەر پێگەی ژن کە نەتوانن وەکو پیاو ئابووریەکی سەربەخۆیان هەبێت و گەشەی کۆمەڵایەتی بکەن.»

ئەگەر بێت و وێنەیەکی ئەو سەردەمە بهێنین لە یەکێک لە کارگەکانی شقارتە دروستکردن لە ساڵی 1877 لە بەریتانیا چەوساندنەوەی ژنان دەبینین، کە مافی ژنانیان خواردبوو بە پێدانی پارەی کەم و کارکردنێکی زۆر. بەڵام لەگەڵ توڕەبوونی خانمە بوێرێک بە ناوی ئانی بێسنت ئەم نادادپەروەریە کۆتای پێهات و ژنانی کارگەکە کە 1400 کەسێک دەبوون گردبونەوەیەکیان سازکرد و دۆخەکەیان باشتر کرد.

ئەگەر سەیری وڵاتانی دیکە بکەین دەتوانین ئەوە ببینین کە ئەم شۆڕشە کاریگەری کردۆتە سەریان بە واتای ئەوەی جیاوازی نێوان ژن و پیاوی زیاتر کردووە، بەڵام وڵاتانی جیهانی سێیەم بە گشتی یان ئەم ناوچەیەی کە ئێمە لێی دەژین وە لە چەند وڵاتێکیتریش هێشتا کاریگەری ئەم شۆڕشەی پێنەگەیشتووە، لەبەر ئەوە نەبۆتە هۆی زیاتر کردنی جیاوازی جێندەر.

تێڕوانینی فەیلەسوفەکان بۆ جێندەر

دیوێکیتری مێژووی جێندەر لە دیدگای فەیلەسوفەکانەوە دروست بووە. فەیلەسوفەکانیش بە شێوازی جیا جیا لە ژنیان ڕوانیوە و زۆرێکیشیان هۆکار بوون بۆ دروستبوونی نایەکسانی جێندەری.

سوقڕات وەکو باوکە گەورەی فەلسەفە لە کتێبی کۆمار کە 2500 ساڵ پێش ئێستا قسەی لەسەر کردووە، جیاواز لە ژنی ڕوانیوە. بۆ نموونە وتویەتی پیاو بە گشتی لە ژن باشترە بەڵام ڕەگەزیشی نەکردووە بە پێوەر بۆ دابەشکردنی پلە و پۆستی حکومی و کۆمەڵایەتی، پێشی وابووە کە ژن لە زۆر بواردا لە پیاو باشترن بەڵام لە بنچینەدا پیاوان بەهێزترن. ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدات لە کاڵیپۆلیسی سوقڕاتدا ژن بێهیزتر لە پیاو دەبینرێت و بە گشتیش پیاو دەرفەتی بەشداری زیاترە. (کاڵیپۆلیس ئەو دەوڵەتەیە کە سوقرات لە کتێبی کۆمار وێنای دەکات و بیرۆکە سەرەکیەکەش ئەوەیە کە دیموکراسی باش نیە چونکە زۆرینەی خەلک نەزانن و پێویستە فەیلەسوفێک حکومڕانیان بکات).

جگە لە سوقرات تۆماس هۆبسیش کە فەیلەسوفێکی ئینگلیز بوو، ڕوانینێکی جیاوازی بۆ بابەتی جێندەر هەبووە. بۆ نموونە لە کتێبی لیڤایەسان کە باس لە دەوڵەتی سروشتی دەکات دەڵێت؛ «لە دەوڵەتی سروشتی ژن و پیاو بەتەواوی یەکسان بوون، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی قەوارەی خێزان یەکسانییەکە گۆڕا بە جۆریک کە ژنان خەریکی کاری ماڵ و بەخیوکردنی منداڵ بوون، پیاوان توانیان هێزی خۆیان بسەپێنن بەسەر ژناندا». لە دەرئەنجامدا ژنیان قەتیس کرد لە کاری ناوماڵدا، کە لە کاتێکدا بە وتەی تۆماس هۆبس ئەم دوو جێندەرە بەتەواوی یەکسان بوون لە دەوڵەتی سەرەتایی.

پرسارەکەش لە کۆتاییدا ئەوەیە، ئایا هۆکارەکانی دروستبوونی نایەکسانی جێندەری لە کوردستان چی بوون؟

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

مێژوو و چەمکی جێندەر: بەشی یەکەم

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts