fbpx

سویسرا هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانی یاسایی کرد

سویسرا هاوسەرگیریی هاوڕەگەزخوازانی یاسایی کرد

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jul 12, 2022

هاوبەشکردن:

07/10/2022

سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ، سویسرا یەکەمین ئاهەنگەکانی هاوسەرگیری لە نێوان هاوڕەگەزخوازانی بە خۆیەوە بینی. ئالۆ گارنیەر تەمەن ٥٧ ساڵ و پیتەر لیو تەمەن ٦٧ ساڵ لە نووسینگەی بەڵگەنامە مەدەنییەکانی شارۆچکەی شافهاوزنی سویسری هاتنە دەرەوە و ڕایانگەیاند کە ئەوان بە فەرمی هاوسەری یەکترن. ئەمەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی فەرمی هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەی پەسەند کرد.

سەبارەت بە هاوسەرگیرییەکەی، گارنیەر ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ خۆی و وڵاتەکەی وەسف کرد و وتی: بەڕاستی ئەم ئاهەنگە بۆ من زۆر گرنگ بوو چونکە بیست ساڵی تەواوە من چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەم. گارنیەر لە ساڵی ٢٠١٤ پەیوەندی خۆی لەگەڵ پیتەر ئاشکرا کرد و دەیان ساڵە لە هەڵمەتی دانپێدانانی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان چالاک بووە.

هەروەها دانیێلی تەمەن ٥٤ ساڵ لەگەڵ هاوبەشەکەی زاڤیری تەمەن ٥١ ساڵ، وە هەروەها دوو ژن بە ناوەکانی ئالین تەمەن ٤٦ ساڵ و لۆری تەمەن ٤٥ ساڵ لە یەکەم کەسەکان بوون کە ئەم ڕۆژە ئاهەنگی هاوسەرگیریان لە نێوان کەس و کار و هاوڕێیان و خۆشەویستان وە لە ژێر بنمێچی کۆشکی ئایناردی ناسراو لە شاری جنێڤ ئەنجامدا.

لۆری و ئالین بیست و یەک ساڵە یەکتریان ناسیووە لەم کاتەوە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی ئەم ڕۆژەیان دەکرد. ئاهەنگەکە لە ژێر سەرپەرشتی شارەوانی جنێڤ لە کۆشکی ناسراو ئاینارد ئەنجامدرا، سەرۆکی شارەوانی ماری باربی چاپیۆس پێداگیری لەسەر ئەوە کردبوو کە دەبێت خۆشی لەو ئاهەنگە ئامادەبێت. دوای بەڕێوەچوونی مارەبڕییەکە سەرۆکی شارەوانی پیرۆزبایی لێکردن و بەو دوو هاوبەشەی وت کە ئێستا ئەوان بە شێوەیەکی فەرمی هاوسەری یەکترن.

ماری بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند کە ئەم ڕۆژە، ڕۆژێکی زۆر گرنگە، زۆرکاریگەرە، پەیامێکی بەهێز بۆ کۆمەڵگا دەنێریت کە هەموو کەس ئازادە بۆ خۆشویستن و خۆشەویستی.

شایەنی باسە دەنگدەران لە ڕاپرسییەکدا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١ بە زۆرینەی دەنگی نزیکەی دوو لەسەر سێ، دەستپێشخەری هاوسەرگیری بۆ هەمووانیان پەسەند کرد و دەنگیان بە هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزخوازاندا. بەمەش سویسرا بووە بە یەکێک لە دوایین وڵاتەکانی ئەوروپا کە هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازانی بە یاسایی بکات.

یاسا نوێیەکەی ئەم وڵاتە هاوسەرە هاوڕەگەزخوازەکان دەخاتە ڕیزی هاوسەرە جیاڕەگەزەکان و هەمووان یەکسان دەکات لە ئەرک و مافدا، بە جۆرێک یاساکە دڵنیایی ئەوە دەدات کە هاوسەرانی هاوڕەگەزخوازیش دەتوانن داوای بە خێوکردنی منداڵان بکەن، وە هەروەها دەتوانن خانەنشینی هاوبەشی مردوو بە میرات وەربگرن. ئەم یاساییە ڕێگە بە هاوسەرە هاوڕەگەزخوزاەکان دەدات کە پرۆسەی هاووڵاتیبوون بۆ هاوبەشەکانیان ئەنجام بدەن ئەگەر هاتوو هاوبەشەکانیان هەڵگری ڕەگەزنامەی سویسری نەبوون.

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts