fbpx

چی دەزانیت لەسەر ئاڵای پەلکەزێڕینە؟

چی دەزانیت لەسەر ئاڵای پەلکەزێڕینە؟

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jun 08, 2022

هاوبەشکردن:

06/29/2022

هەرکاتێک باسی مانگی سەربەرزی بکەین مەحاڵە بیر لە ئاڵا ڕەنگاوڕەنگەکەی پەلکەزێڕینە نەکەینەوە. ئەو ئاڵایەی کە لە مانگی حوزەیران (مانگی سەربەرزی) شارە گەورەکانی دونیا دەتنێ هەر لە بەیداخی هەڵدراوی سەر باڵەخانە ناسراوەکان تا دەگاتە دیوار و شەقامی کوچە و کۆڵانەکان. تەنانەت زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەکو ئەپڵ و مایکرۆسۆفت و ئەندرۆید لۆگۆی خۆیان لەم مانگەدا لە سەر ڕەنگ وهێماکانی ئاڵای پەلکەزێڕینە دەنەخشێننەوە.

ئاڵای پەلکەزێڕینە (کە ئاڵای سەربەرزیشی پێ دەوترێت) هێمایە بۆ کەسانی هاوڕەگەزخواز و دووڕگەزخواز و ڕەگەزگۆڕاو و بزووتنەوەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە. ڕەنگەکانی ڕەنگدانەوەی گرووپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و خواستە جیاوازەکانی ڕەگەزی مرۆڤە. ئێستا ئەم ئاڵایە بووەتە هێمای بەردەوامی سەربەرزی وە بۆ پشتگیری تاکەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بەکاردێت. بەڵام چی دەزانی لە سەر مێژووی ئەم ئاڵایە؟ هەروەها ئایا دەزانی دیزاینەکە بە درێژایی مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە؟ وە یان دەزانی هێما وڕەنگەکانی ئەم ئاڵایە مانایان چییە؟

لەم وتارەدا چاوێک بە مێژووی ئاڵای پەلکەزێڕینە دەخشێنین و مانای ڕەنگ و دیوە جیاوازەکانی ئەم ئاڵایە ڕووندەکەینەوە.

مێژووی ئاڵای پەلکەزێرینە

ئاڵای سەربەرزی لە ساڵی ١٩٧٨ لە لایەن هونەرمەند و چالاکوان لە مافەکانی هاوڕەگەزخوازن جیلبێرت بەیکەر دیزاین کراوە دوای ئەوەی هارڤی میلک سەرکردەی دیار لە بواری مافەکانی هاوڕەگەزخوازان داوای لە جیلبێرت کرد کە ئاڵایەک دروست بکات تاوەکو وەکو هێمایەک ئەندامە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە کۆ بکاتەوە. تا ئەو کاتە سێگۆشەیەکی پەمەیی هێمای بزووتنەوەی داواکردنی مافەکانی هاوڕەگەزخوازان بوو. بەڵام ئەم هێمایە مێژوویەکی تاریکی بۆ هاوڕەگەزخوازان هەبوو، جیلبێرت لە یاداشتەکانی بە ناوی سەربازی پەلکەزێڕینە: ژیانم لە ناو ڕەنگەکاندا لەسەر ئەو مێژووە تاریکە دەنوسێت:

ئەدۆلف هیتلەر لە جەنگی جیهانی دووەم سێگۆشەی پەمەیی بۆ جیاکردنەوەی کەسانی هاوڕەگەزخواز بەکاردەهێنا هەروەک چۆن ئەستێرەی داودی بۆ جیاکردنەوەی جووەکان بەکاردەهێنا، ئـێمە بیرمان لەوە کردەوە کە پێویستیمان بە هێمایەکی ئەرێنییە کە دەڕبرینی هەستی ژیانکردن و خۆشەویستیمان نیشان بدات.

جیلبێرت پێیوابوو کە پەلکەزێڕینە دەتوانێت باشتر نوێنەرایەتی ئەندامە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە بکات، هەروەها گرنگی ڕەمزی پەلکەزێڕینە بە درێژایی مێژوو لەبەر چاو گرتبوو و دەڵێت:

ئاڵای پەلکەزێڕینە هەڵبژاردنێکی هۆشیارانە بوو، سروشتی و پێویست بوو، پەلکەزێڕینە لە تۆمارە زووەکانی مێژوو وەکو هێمایەک بۆ هیوا ئاماژەی پێکراوە وە لە کتێبی ئایینە ئیبراهیمییەکان وەکو بەڵگەیەک بۆ پەیمانی نێوان خودا و بوونەوەرەکانی دەرکەوتووە. هەروەها پەلکەزێڕینە لە مێژووی کۆنی چینی و میسرییە کۆنەکان و مێژووی ڕەسەنی ئەمەریکا بوونی هەبووە. هەر بۆیە پەلکەزێڕینە دەکرێ ببێتە بەدیلێکی سەردەمیانە بۆ هێمای سێگۆشەی پەمەیی. ئێستا کە بەشداربوونی ئاژاوەی باڕی ستۆن وۆڵ ئازادی خۆیان لە ساڵی ١٩٦٩ بەدەست هێنا، دەکرا هێمای ئازادی تایبەت بە خۆیان هەبووایە.

ئاڵای پەلکەزێڕینە بۆ یەکەمجار لە نمایش و ڕێپێوانی سەربەرزی (رۆژی ئازادی هاوڕەگەزخوازان) لە ساڵی ١٩٧٨ لە سانفرانسیسکۆ هەڵکرا، هەرزوو لە بۆنە و ئاهەنگەکانی سەربەرزی لە وڵاتان بڵاوبۆوە. ئێستا ئاڵای پەلکەزێڕینە بووەتە هێمایەکی گشتگیر بۆ ڕێپێوانەکانی سەربەرزی و ئەندامانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە لە جیهان.

مانای ڕەنگەکانی ئاڵای پەلکە زێڕینە

ئەو ئاڵایەی کە سەرەتا لە لایەن جیلبێرت بەیکەر دروستکرا، هەشت رەنگی لە خۆ گرتبوو بە شێوەی هەشت هێلی ئاسۆیی لەسەر یەک هەر ڕەنگێکی هێمایەک بوون:

  • پەمەیی بۆ سێکس
  • سوور بۆ ژیان
  • پرتەقاڵی بۆ چاککبوونەوە
  • زەرد بۆ تیشکەکانی خۆر
  • سەوز بۆ سروشت
  • شینی فەیروزی بۆ هونەر
  • مۆر بۆ ئارامی
  • وەنەوشەیی بۆ رۆح

دواتر هێلەکانی پەمەیی و شینی فەیرۆزی لابران. لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی قوماش لە ڕەنگی پەمەیی ئەستەم بوو، ڕەنگی پەمەیی لە ئاڵاکە لابرا، هەروەها ڕەنگی شینی فەیروزی لابرا چونکە ڕێکخەرانی ڕێپێوانی سەربەرزی لە ساڵی ١٩٧٩ دەیانویست هێلە ئاسۆییەکانی ئاڵاکە ژمارەی جووت بێت. ئاڵای پەلکەزێڕینەی ئەمرۆ پێک هاتووە لە شەش ڕەنگ: سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین و وەنەوشەیی.

جگە لە ئاڵا ناسراوەکەی پەلکەزێڕینە، ئێستا چەندین ئاڵای نوێ بۆ یاددکردنەوە و نوێنەرایەتی کردنی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە و خواستە ڕەگەزییە جیاوازەکان بە تێکەڵکردنی ڕەنگ و هێماکان دروست کراوە، تەنانەت هەندێک ئاڵا بە سوود وەرگرتن لە هێما و هێڵکاری ئاڵای وڵاتان و ڕەنگەکانی ئاڵای پەلکەزێڕینە ئاڵای نوێ دروست کراون بۆ نوێنەرایەتی کردنی ئەندامانی پەلکەزێڕینەی هەر وڵاتێک.

دەتەوێ زیاتر لەسەر یاد و ڕێپێوانەکانی مانگی سەربەرزی بزانیت؟ دەتوانێت ئەم وتارەمان لەسەر ئەم مانگە بخوێنیتەوە:

حەوت ڕاستی دەربارەی مانگی سەربەرزی

 

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts