fbpx

ڤایرۆسی مۆنکیپۆکس: چەکێکی ساختەی کەسانی هۆمۆفۆبیک

ڤایرۆسی مۆنکیپۆکس: چەکێکی ساختەی کەسانی هۆمۆفۆبیک

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jun 01, 2022

هاوبەشکردن:

06/27/2022

لەگەڵ بڵابوونەوەی نەخۆشی ئاوەڵەی مەیموون (مۆنکیپۆکس) لە وڵاتان، ژمارەیەکی زۆر لە زانیاری هەڵە و خوڕافیات لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبۆوە، بە مەبەست بێت یاخود نا ئەو نەخۆشییەیان بە هاوڕەگەزخوازی گرێدا کە ئەم بانگەشەیە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە کەسایەتییە سیاسییەکانیش شان بە شانی پیاوانی ئایینی بەشێکبوون لەم گاڵتەجاڕییە، بۆ نموونە سەرکردەی دیاری عێراقی موقتەدا سەدر هەموو کێشە کەلەکەبووەکانی وڵاتەکەی وەلانا لە پەیامێکدا ئەم پەتایەی بە ئاوەڵەی هاوڕەگەزخوازان ناوبرد و داوای لێکردن تۆبە بکەن! لەڕاستیدا ئەمە درێژەپێدەری هەمان ئەو بەرنامەیەیە کە تاریک پەرستان و کەسانی دۆگما بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی دەمارگیری و بەردەوامیدان بە توندوتیژی گەشەی پێدەدەن.

هەر بۆیە لە خوارەوە پێنج زانیاری هەڵە لەسەر ئەم ڤایرۆسە ڕاست دەکەینەوە:

١. ئاوەڵەی مەیموون ڤایرۆسێکی نوێ نییە

ئەم ڤایرۆسە دەیان ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوە وە تاوەکو ئێستا کەوتۆتە ژێر دەیان لێکۆڵینەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڤایرۆسی ئاوەڵەی مەیموون بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵاندا دەستنیشان کراوە. لەو کاتەوە زۆربەی حاڵەتەکان لە ناوچە گوندنشینەکانی دارستانە باراناوییەکانی حەوزی کۆنگۆ و ڕۆژئاوای ئەفریقا تۆمارکراون، دواتر لە سەرانسەری ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقیا تەشەنەی کرد.

٢. ئاوەڵەی مەیموون نەخۆشییەکی ڕاگوێزراوەی سێکس نییە

ئاوەڵەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسی زۆنۆتیکە (ڤایرۆسێکە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە)، لە ڕێگەی بەركەوتنی ڕاستەوخۆی خوێن و شلەی لەش و برینی پێستی ئاژەڵی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. مرۆڤی ئاسایی لە ڕێگەی بەركەوتنی توند و دوورودرێژ لەگەڵ مرۆڤی تووشبوو و دەست لێدان و دەست گرتن و باوەشکردن و ماچککردن و بەرکەوتنی سێکسی و یان لە ڕێگەی لیكی دەم و كێمی برینی زیپكەكانی پێستی بۆی دەگوازرێتەوە. هەروەها دەکرێت لە ڕێگەی ویڵاشەوە لە دایکەوە ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسەکەیە بێت بۆ کۆڕپەلە بگوازرێتەوە.

٣. ئاوەڵەی مەیموون تەنیا تووشی هاوڕەگەزخوازان نابێت

هەر کەسێک لە هەر زایەند و تەمەنێک بێت و خواستی ڕەگەزی هەرچی بێت، ئەگەر خۆی نەپارێزێت ئەگەری تووشبوونی بەو ڤایرۆسە هەیە. بە پێی بەدواداچوونی ئینسایدەر دکتۆر بۆگوما کابیسن تیتانجی ڤایرۆسناس و فیزیکناس دووپاتی دەکاتەوە کە ئاوەڵەی مەیموون نەخۆشی هاورەگەزخوزان نییه و دەڵێت لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو هۆمۆفۆبیا بووە هۆی ئەوەی کە نەخۆشی ئایدز بە هاوڕەگەزخوازان گرێ بدرێ کە دواتر لە لایەن زانایان و پسپۆران بە تەواوی دەرکەوت کە وانییە، ئێستاش هەمان مێژوو بۆ ئاوەڵەی مەیموون دووبارە دەبێتەوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش لە ڕاپۆرتەکانی بەردەوام ئاماژە بەوە دەکات کە هەر جۆر بەرکەوتنێکی نزیک لەگەڵ کەسێکی هەڵگری ڤایرۆسەکە دەکرێ ببێتە هۆی تووشبوون، ئەمەش ئەندامانی ماڵ و هاوبەشانی کار و تەنانەت کارمەندانی تەندروستیش دەگرێتەوە. هەروەها هۆشداری لەوەش دەدات کە چەواشەکردن و عەیبدارکردنی چینێکی کۆمەڵگا ڕەنگە ببێتە بەربەستێک لە بەردەم کۆنترۆڵ کردن و کۆتاییهاتنی پەتاکە.

٤. ئاوەڵەی مەیموون جۆرێکی نوێی کۆرۆنا نییە

ڕاستە ئاوەڵەی مەیموون نەخۆشییەکی نیگەرانکەرە و دەبێت بە ئاگاییەوە چاودێری تەشەنەسەندنی بکەین بەڵام ئەم نەخۆشییه تەواو جیاوازە لە پەتای کۆرۆنا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ دەرکەوت و لە جیهاندا تەشەنەی کرد. پسپۆران و لیکۆڵینەوەکان ڕوونی دەکەنەوە کە ئەم ڤایرۆسە نەخۆشی کۆ ئەندامی هەناسە نییە و بە بەراواد بە کۆرۆنا کەمتر دەگوازرێتەوە. زۆرینەی تووشبووان خۆیان چاک دەبنەوە و ئەو حاڵەتانەی کە بەم دواییە تۆمارکراوە نیشانەکانیان سووک بووە و مردن تۆمار نەکراوە.

٥. ئاوەڵەی مەیموون تەنیا لە وڵاتانی ئەفریقی بڵاو نابێتەوە

یەکێکتر لەو بانگەشانەی کە هەیە ئەوەیە کە گوایە ئەم نەخۆشییە تەنیا لە وڵاتانی ئەفریقی هەیە و هەر لەوێش بڵاودەبیتەوە، ئەم بانگەشەیەش ڕاست نییە. حاڵەتی تووشبوون لە وڵاتانی ئاسیایی و ئەوروپی و ئیسلامی تۆمارکراوە. ڕەگەز و ڕەنگ هیچ پەیوەندی بە مەترسی تووشبوون بەو نەخۆشییە نییە.

 

 

 

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

ڤایرۆسی مۆنکیپۆکس: چەکێکی ساختەی کەسانی هۆمۆفۆبیک

  1. درۆزنانە خۆ کەس نەیوتووە کەسی ئاسایی تووش نابێت باسەکە ئەوەی لای ئێوە سەری هەڵداوە هەزار توێژینەوەی درۆیینەش بێنن هەر قێزەونن لەچاومان قەت قبووڵ ناکرێن ئەوە باش بزانن، دوایی بە چ پێوەرێک ناو لەوانە دەنێن تاریک پەرست و دۆگما کە لەگەڵ ئەو کارە قێزەونەی ئێوە نین؟ دە مادام لای منیش ئێوە تاریک پەرست و دۆگمان و دواکەوتوون و دژی ژیانن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts