fbpx

توێژینەوەیەک: هاوڕەگەزخوازی سروشتی و تەندروستە

توێژینەوەیەک: هاوڕەگەزخوازی سروشتی و تەندروستە

ژیار عەلی

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Oct 12, 2021

هاوبەشکردن:

10/16/2021

کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی (APA)، یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی پسپۆڕیی بواری دەروونناسی لە ئەمریکا کە ١١٢،٠٠٠ ئەندامی توێژەر، نۆژدار، ڕاوێژکار، ڕاهێنەر و قوتابی هەیە، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت کە هاوڕەگەزخوازی هەستێکی تەواو سروشتی و تەندروستە کە لە بەشێک لە خەڵکیدا هەیە.

ڕاپۆرتەکەی کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی پشت بە توێژینەوەیەک دەبەستێت کە لە ساڵی ١٩٥٠دا لەلایەن دکتۆر ئێڤلن هووکەر ئەنجام دراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا، کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی توێژینەوەکە بە «پێشڕەو» ناودەبات و دەڵێت کە ئەو ئەفسانەیە بە درۆ دەخاتەوە کە گوایە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەروونییە.

توێژینەوەکەی ئێڤلن هووکەر لەسەر ٦٠ کەس ئەنجام درا کە کرابوون بە دوو بەشەوە، ٣٠ دانەیان گرووپێکی هاوڕەگەزخواز بوون (حەزیان بۆ هاوڕەگەزی خۆیان هەبوو)، و ٣٠ دانەشیان گرووپێکی جیاڕەگەزخواز بوون (حەزیان بە ڕەگەزی بەرامبەر هەبوو)، و ئەندامانی هەردوو گرووپەکە هەمان ئاستی زیرەکی، خوێندن و تەمەنیان هەبوو، هیچ کامێکیش لەو ٦٠ کەسەی کە بەشداربوون کێشەی دەروونییان نەبوو.

دکتۆر ئێڤلن هووکەر

دکتۆر ئێڤلن ٣ تاقیکردنەوەی لەسەر هەردوو گرووپەکە ئەنجام دا بۆ پێوانەکردنی هزر و هەست و سۆز و تێڕوانینی بەشداربووانی توێژینەوەکە. یەکێکیان تاقیکردنەوەی »ڕۆرشاک« بوو، دووانەکەی تریش تاقیکردنەوەی «MAPS» و «TAT» بوون. تاقیکردنەوەکان پێکهاتبوون لە نیشاندانی چەند وێنەیەک بە بەشداربووان، بەشداربووانیش ڕوونیان دەکردەوە کە چییان دەبینی لە وێنەکاندا، دواتر وەڵامەکانیان بۆ هەڵسەنگاندنی باری دەروونییان بەکار دەهات. 

ئێڤلن داوای لەو پسپۆڕانەی بەشداری توێژینەوەکەیان کردبوو لەگەڵی، لەسەر بنەمای ئەو وەڵامانەی وەریان گرتووە لە بەشداربووەکان، بیخەمڵێنن کە کام گرووپەیان گرووپە هاوڕەگەزخوازەکەیە، بەڵام پسپۆڕەکان نەیانتوانی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنەکان دوو گرووپەکە لە یەکدی جیا بکەنەوە، ئەمەش وای کرد کە توێژینەوەکە بگات بەو دەرەنجامەی کە کەسانی هاوڕەگەزخواز و جیاڕەگەزخواز هەمان ئاستی تەندروستیی دەروونیان هەیە.

بەپێی کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی، توێژینەوەکە توانی ئەوە بسەلمێنێت کە کەسانی هاوڕەگەزخواز بە هەمان شێوە ئەندامی تەندروست و گونجاوی کۆمەڵگەن، و دکتۆر ئێڤلن گەیشت بەو دەرەنجامەی کە کەسانی هاوڕەگەزخواز بە هەمان شێوەی کەسانی جیاڕەگەزخواز ئاسایین. ئەم توێژینەوەیە یەکەمین توێژینەوە بوو کە بەرەنگاری ئەو بیردۆزەیە ببێتەوە کە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشیی دەروونییە، و بووە هۆی ئەنجامدانی چەندین لێکۆلینەوە و بەدواداچوونی تر کە هەمان دەرەنجامیان هەبوو و بوونە هۆکاری دەرهێنانی هاوڕەگەزخوازی لە پێڕستی نەخۆشییە دەروونییەکان (DSM) لە ساڵی ١٩٧٣دا. 

ئێستا، پسپۆڕانی دەروونناسی لەسەر ئەوە کۆکن کە هاوڕەگەزخوازی ناتەواوییەکی دەروونی نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی یەکەم هاوڕەگەزخوازان مافی تایبەتیان هەبێت لەبەر ئەو دووچاوەکییە نادادپەروەرانەیەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە بە درێژایی مێژوو بەبۆنەی خواستە ڕەگەزییەکەیانەوە.

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts