fbpx

پێدەچێت هۆمۆفۆبیا نەخۆشییەکی دەروونی بێت

پێدەچێت هۆمۆفۆبیا نەخۆشییەکی دەروونی بێت

ژیار عەلی

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Oct 03, 2021

هاوبەشکردن:

10/14/2021

هۆمۆفۆبیا بریتییە لە ڕقلێبوونەوە لە کەسانی هاوڕەگەزخواز یاخود ئەنجامدانی تاوان بەرامبەریان لەسەر بنەمای ڕووتێکردنی سێکسی (هەروەها ناسراو بە خواستی ڕەگەزی). لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە بە هاوبەشی لە نێوان سێ زانکۆی ئیتالیادا ئەنجام دراوە، کۆمەڵێک زانا بۆیان دەرکەوت کە کەسانی هۆمۆفۆبیک (ئەوانەی ڕقیان لە کەسانی هاوڕەگەزخوازە یان تاوانیان بەرامبەر ئەنجام دەدەن) ڕەنگە باری دەروونی و سۆزدارییان ناجێگیر بێت.

توێژینەوەکە لەسەر ٥٥١ خوێندکار ئەنجام درا کە تەمەنیان لە نێوان ١٨-٣٠ ساڵ بوو؛ بەشداربووان داوایان لێ کرا کە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی دەروونپێوانەیی ئەنجام بدەن. لە تاقیکردنەوەکاندا، کۆمەڵێک پێوەر سوودیان لێ وەرگیرا: «پێوەری هۆمۆفۆبیا» بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی هۆمۆفۆبیای کەسەکان، پێوەری «SCL-90-R» بۆ ناسینەوەی نیشانەکانی نەخۆشی، پێوەری «DSQ-40» بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێکخستەی (میکانیزمی) بەرگری، هەروەها پێوەری «RQ» بۆ دەرخستنی شێوازەکانی هۆگری.

دەرئەنجامی توێژینەوەکە ئەوەی نیشان دا کە ئەو کەسانەی ئاستێکی بەرزتریان تۆمارکردووە لەسەر پێوەری هۆمۆفۆبیا کەسایەتییەکییەکیان هەیە کە بە سایکۆتیسیزم (psychoticism) ناسراوە و سوود لە ڕێکخستەیەکی بەرگری ناپێگەیشتووانە و مناڵانە دەبینن. کەسی سایکۆتیک بەوە دەناسرێتەوە کە ڕەنگە کرداری مەترسیدار ئەنجام بدات و بزوێنەری بێت، هەروەها بەشداری لە کردەوەی دژەکۆمەڵ بکات.لە پاڵ ئەوانەشدا، ئەوانەی لە پێوەری هۆمۆفۆبیادا ئاستێکی بەرزیان تۆمارکردبوو ئاستی خەمۆکی و ناجێگیری سۆزداری تێیاندا بەرزتر بووە؛ بە پێچەوانەوە، ئەو کەسانەی هۆمۆفۆبیک نەبوون (واتە کەمتر یان هیچیان تۆمار نەکردووە لەسەر پێوەری هۆمۆفۆبیا)، کەسایەتییەکی جێگیرتر و تەندروستتریان هەبووە.

هەندێک توێژینەوەی تر هەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕەنگە کەسانی هۆمۆفۆبیک خۆیان هاوڕەگەزخواز بن و هۆمۆفۆبیا وەک چەکێک بەکار دێنن تاکوو کەس گومانیان لێ نەکات، کە ڕەنگە پەیوەندی بە دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە هەبێت کە گریمانەی ئەوە دەکات کە هۆمۆفۆبیا میکانزمێکی بەرگرییە.

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts