fbpx

یەکەم ژنی تووشبووی ئایدز بە چارەسەری پزیشکی چاکبووەوە

یەکەم ژنی تووشبووی ئایدز بە چارەسەری پزیشکی چاکبووەوە

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jul 08, 2022

هاوبەشکردن:

07/25/2022

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ژنێکی دانیشتووی شاری نیویۆرک بووەتە سێیەم کەس لە جیهاندا و یەکەمین ژن کە بە تەواوی لە ڤایرۆسی ئایدز چاکبووەوە. توێژەران ئەم چاکبوونەوەیە بە پێشکەوتنێکی زانستی ناو دەبەن، چونکە شێوازێکی نوێ بۆ چارەسەر بەکارهێنراووە لەبەر ئەوەی نەخۆشەکە لە ڕووی دیمۆگرافییەوە جیاواز بووە لە نەخۆشەکانی پێشووتر.

لە لێدوانیکدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ستیڤن دیکس پسپۆر لە نەخۆشی ئایدز لە زانکۆی کالیفۆرنیا کە بەشێک نەبووە لە توێژینەوەکە وتی لەبەر ئەوەی نەخۆشەکە کەسێکی ڕەگەز تێکەڵە و لەبەر ئەوەی ژنیشە، بەڕاستی ئەمە هەم لە ڕووی زانستییەوە گرنگە هەمیش لە ڕووی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ نەخۆشکەوتووانی ئایدز. زۆر جار زانیارییە باوەکان گریمانەی ئەوە دەکەن کە ژنان زیاتر تووشی ئایدز دەبن.

ئەو ژنە کە لە سەرەتادا لە ساڵی ٢٠١٣ تووشی ڤایرۆسەکە بووبوو، لە ساڵی ٢٠١٧ چارەسەرێکی نوێی وەرگرتبوو کە ئەویش چاندنی خوێنی ناوکە (کە سەرچاوەی خانەی ڕیشەیە)، ئەم خوێنە لە ناوکی منداڵ و وێڵشدا وەردەگیرێت.

دوو نەخۆشەکەی پێشوو هەردووکیان پیاو بوون لە ڕێگەی چاندنی مۆخی ئێسکی وەرگیراو لە کەسانی بەخشەر کە سیستەمی بەرگری لەشییان دژی ڤایرۆسەکە بووە چارەسەریان وەرگرتبوو، ئەم ڕێگەیە زەحمەتتر و مەترسیدارترە. بەڵام ئەم تەکنیکە نوێیە کە لە لایەن توێژەرانی کۆمپانیای وێل کۆرنێل مێدیسن لە نیویۆرک پەرەی پێدراوە جێگەی سەرنجە تەنانەت بۆ فراوانکردنی بژاردەکانی چارەسەرکرنی شێرپەنجە.

بە پێی توێژەران، وەرگرتنی چارەسەر لە ڕێگەی خانە ڕیشییەکانی خوێنی ناوک زۆر ئاسانترە لە چاندنی مۆخی ئێسک چونکە ئاسانترە بۆ دۆزینەوەی هاوتایەکی گونجاو بۆ نەخۆشەکە هەروەها کاریگەرییە لاوەکییەکانی زۆر کەمترە لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڕێگەی دووەم.

نەخۆشی ئایدز هەتاوەکو ئێستاش پرسێکی جیهانی گەورەیە. بە پێی ئاماری بەرنامەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدز، لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٣٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە سەرانسەری جیهاندا بە دەست ئەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن، لەم ڕێژەیە تەنیا ٢٨ ملیۆن کەس دەستییان بە چارەسەری دژە ڤایرۆسەکە دەگات.

بە پێی ئامارە پزیشکییەکان تەنیا دوو کەسی دیکە بە تەواوی لەو نەخۆشییە چاکبوونەتەوە، لە نێویاندا نەخۆشێکی ئەڵمانی کە ١٢ ساڵ دەبێت چارەسەری وەرگرتووە و بە بێ ئەم ڤایرۆسە دەژی، هەروەها کەسێکی بەریتانی بە ناوی ئادەم کاستیلێخۆکە لە ڕێگەی چاندنی مۆخی ئێسک توانی بە سەر نەخۆشییەکە زاڵ بێت. لە کاتێکدا هەردوو پیاوەکە لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری تووشی کاریگەرییە لاوکییە  بەرچاوەکان بوون، بەڵام ژنەکە توانی تەنیا دوای ١٧ ڕۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت. ڕەنگە بەشێکی بە هۆی ئەوەوە بێت کە ئەم تووشبووە بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری لەش، خوێنی لە خزمێکی وەگرتبێت.

مارشاڵ گلێسبی پسپۆر لە نەخۆشی ئایدز لە کۆمپانیای وێل کۆرنێل مێدیسین کە بەشێک بووە لە تیمەکە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاند کە ئەم وەرگرتنی خوێنە لە خزمێکەوە و دواتر چاندنی لە گیانی نەخۆش وەکو پردێک وابوو کە وایکرد خوێنی ناوکەکە بە تەواوی زاڵ بێت بەسەر ڤایرۆسەکە.

هەرچەندە ئەم چارەسەرییە بە وەچەرخانێکی پزیشکی دادەنرێت بەڵام هەموو کارمەندانی ناوەندی پزیشکی لەگەڵ بەکارهێنانی وشەی (چاکبووەوە) نین، ئیڤۆن برایسۆن پسپۆر لە نەخۆشییە تووشبووەکانی منداڵان پێی وایە کە وشەی (بەخشراو) گونجاوترە.

بەهەرحاڵ ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێشە ئەگەر هاتوو لە قەبارەیەکی گەورترە کاری لەسەر بکرێت، دەتوانێت یارمەتی زۆر کەسی تر بدات. کۆین ڤان بێسن لە هەمان تیمی بەشداربووی توێژینەوەکە دەڵێت ئێمە مەزەندە دەکەین کە ساڵانە نزیکەی ٥٠ نەخۆش لە ئەمەریکا سووود لەم ڕێکار و چارەسەرییە نوێیە وەربگرێت.

 

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts