fbpx

چۆن مامەڵە بکەین ئەگەر منداڵەکەمان هاوڕەگەزخواز بوو؟

چۆن مامەڵە بکەین ئەگەر منداڵەکەمان هاوڕەگەزخواز بوو؟

Goran Y.

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Jun 09, 2022

هاوبەشکردن:

06/22/2022

ڕەنگە زۆرینەی دایک و باوکان لە کۆمەڵگەی کوردی هەرگیز بیریان بۆ ئەوە نەچووبێت کە لەوانەیە یەکێک لە منداڵەکانیان خواستی ڕەگەزییان بۆ هاوڕەگەزی خۆیان بێت.

لەوانەشە هەندێک لە دایک وباوکان هەستیان بە جیاوازی خواستی ڕەگەزی لە منداڵەکانیان بەدی کردبێت بۆ ماوەیەک جێگەی پرسیاریان بوو بێت و تووشی سەرلێشێوان و دڵەڕاوکییان کردبن.چونکە سێکس بە گشتی و هاوڕەگەزخوازی بە تایبەتی لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان مەسەلەیەکی ئاڵۆزە، چەندین سەدەیە مشتومڕ لەسەر ڕەهەندە جیاوازەکانیان: کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و زانستی هەیە.

جێگەی گومان نییه گەورەبوون لەسەر بەها و بیروباوەڕە باو و کۆنەکان کە لە باوباپیرانەوە بۆ نەوەکان ماوەتەوە دەرفەتی تێگەیشتن بۆ مەسەلەیەکی وەکو هاورەگەزخوازی بۆ خێزان و تەنانەت خوودی کەسەکەش زەحمەت کردووە. هەر بۆیە مەبەست لەم وتارە ئەوە نییە بەشێک بێت لەو مشتومڕە بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و ڕێنمایی کردنی دایکان و باوکان بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی تەندروست مامەڵە لەگەڵ منداڵە هاوڕەگەزخوازەکەیان بکەن بە پشبەستن بە ئەزموونی ئەو خێزانانەی کە منداڵی هاوڕەگەزخوازیان هەبووە.

بۆچی منداڵەکەم هاوڕەگەزخوازە؟

لە راستییدا ئەم پرسیارە لە ئەنجامی ترسی دایک و باوک دروست دەبێت کاتێک یەکێک لە منداڵەکانیان خواستی هاوڕەگەزخوازییان تێدا بەدی دەکرێ، ئەو ترسە کە سەرەتا بە خۆلۆمەکردن و پرسیارە باوەکان دەست پێ دەکات وەکو (ئایا ئـێمە شتێکی هەڵەمان کردووە تاوەکو منداڵەکەمان هاوڕەگەزخواز دەربچێت؟) وە دواتر هەنگاو دەنێ بەرەو ترسی ئەگەری گێچەڵی سێکسی و ئەگەری بەکارهێنانی منداڵەکە یاخود تووشبوونی بە نەخۆشی ئایدز تا دەگاتە سەر ئەو گومانانەی کە پەیوەستن بە شەرمەزاری و تێروانینی خەڵک بۆ منداڵ و خێزانەکە بە گشتی وە ترسی چوونە دۆزەخ و کەوتنیان بەر نەفرەتیی خودایی.

زۆرێک لە دایک و باوکان پرسیار دەکەن کە ئایا بنەمایەکی بۆماوەیی یان بایۆلۆجی هەیە بۆ هاوڕەگەزخوازی؟ لەراستیدا تا ئێستا هیچ  لێکۆڵینەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر پەیوەندی نێوان ئەو دوو بابەتە نییە. هەندێک لە دایک و باوکان پێیان وایە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشییەکی دەرونییە، ئەوەشیان یەکێکە لە  تێگەیشتنە هەڵەکان لەسەر هاوڕەگەزخوازی.

کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی (APA) کە یەکێک لە گەورەترین ڕێکخراوەکانی پسپۆڕیی بواری دەروونناسییه، لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت کە هاوڕەگەزخوازی هەستێکی تەواو سروشتی و تەندروستە کە لە بەشێک لە خەڵکیدا هەیە. دەتوانی زیاتر لەسەر ئەم توێژینەوە لەم بەستەرەدا بخوێنیتەوە:

توێژینەوەیەک: هاوڕەگەزخوازی سروشتی و تەندروستە

بەڵام ئایا بەراستی پشتگیریکردنت یان خۆشەویستیت بۆ منداڵەکەت پەیوەستە بە هەبوونی مەرج و کەیسی ترەوە؟ ئایا داوا لە کەسانی جیاڕەگەزخواز دەکرێت بەو شێوەیە پاساو بۆ خواستی ڕەگەزی خۆیان بهێننەوە؟ لەبیرت بێت کە کەسانی هاوڕەگەزخواز و ڕەگەزگۆڕاو و دووڕەڕگەز نەک تەنیا لە ناو هەموو شێوەکانی ژیان لە گەردووندا هەیە بەڵکو لە ناو هەموو پاشخانی گەلان و کلتوور و ئایینە جیاوازەکانیش هەیە. هەرچەندە ڕەنگە ئێمە کنجکاو بین، بەڵام بەڕاستی ئەوەندە گرنگ نییە بزانین بۆچی منداڵەکەت هاوڕەگەزخوازە بۆ ئەوەی پشتگیری بکەیت و خۆشت بوێت.

ئایا ئێستا منداڵەکەم جیاوازە؟

لەوانەیە هەست بکەیت کە منداڵەکەت لەدەست داوە، بەڵام نەخێر منداڵەکەت هەمان ئەو کەسەی جارانە  تاکە شتێک لە دەستت دابێ وێناکردنی خۆتە بۆ منداڵەکەت. ڕەنگە تەنانەت ئەو لەدەستدانەش ئاسان نەبێ بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، ئەو وێنا هەڵەیەی بۆ منداڵەکەت هەبووە دەتوانرێت بە یەکێکی ڕوونتر و جوانتر و بە تێگەیشتنێکی زیاتر جێگەی بگیرێتەوە.

منداڵەکەت هەر هەمان ئەو منداڵەیە کە چەندین ساڵە خۆشت دەوێت و گرنگی پێدەدەی. هەر لەبەر ئەوەی خواستی ڕەگەزی ئەوت بۆ دەرکەوتووە مانای ئەوە نییە کە گۆڕاوە. خواستی ڕەگەزی تەنیا یەک بەشی کەسایەتی منداڵەکەتە هێشتا زۆرینەی ڕووەکانی تری کەسایەتی منداڵەکەت کە تۆ ئاشنایت پێیان هەیە هەروەک خۆیان ماون، خۆشەویستی ئەو بۆت و خوو و ئارەزوو و ڕەفتارەکانی ڕۆژانەی نەگۆراون.

قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەت زۆر گرنگە

ئەگەر مندالەکەت تەمەنێکی کەمی هەبێ، ڕەنگە دانیشتن لەگەڵی و تیگەیشتن لە هەستەکانی چارەنووسساز بێ. چونکە ترس لە ڕەتکردنەوە و سەرکوتکردن و مامەڵەی توندوتیژ لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵەکەت ڕاستی خواستی ڕەگەزی خۆییت لێ بشارێتەوە. ئەم هەنگاوە هەرگیز هەڵبژاردەییەکی ئاسان نابێت بۆ منداڵەکەت. ئەوەی زۆرینەی خەڵک نایزانێ ئەوەیە کە قۆناغی ڕاگەیاندنی خواستی ڕەگەزی یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانی ژیانی منداڵانی هاوڕەگەزخواز چونکە ڕاگەیاندنی ناسنامە و خواستی ڕەگەزییان وایان لێ دەکات هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکەن و دڵنیان دەکاتەوە کە ئەوان کەسانی ئاسایین و هیچ هەڵەیەک لە بوونیان نییه. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو منداڵانەی خواستی ڕەگەزییان لە لایەن دایک و باوکانەوە ڕەت دەکرێتەوە، ڕیژەی خۆکۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەر و کحولییەکان لە نێوانیاندا بەرزترە لەوانەی کە قبوڵ دەکرێن.

لە راستیدا قسەکردن لەگەڵ کوڕ یان کچە هاوڕەگەزخوازەکەت بە شێوەیەکی عەقڵانی دوور لە دەمارگیری زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە هەستەکانیان باشتر تێبگەیت ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی حەتمی دەبێت بۆ دروست کردنی متمانە و لێک نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان دایک و باوک و منداڵان، لە ئاکامدا ئەم لێک تێگشتنەی دایک و باوک وا دەکات کە منداڵ ئامۆژگارییەکانییان زیاتر قبوڵ بکات و ئەمەش دەبیتە یارمەتیدەرێکی زۆر باش بۆ پاراستنیان لە هەر بابەتێکی مەترسیدار کە ڕەنگە بە هۆی خواستی ڕەگەزییان وەک هەر منداڵێکی تر لەو تەمەنە دووچارییان دەبێتەوە.

ئایا منداڵەکەم بیبەمە لای پزیشکی دەروونی؟

ڕاوێژکردن بە پزیشکانی دەروونی بەو هیوایەی شوناسی ڕەگەزی منداڵەکەت گۆڕانکاری بەسەردا بێت بەتەواوی بێ سوودە چونکە هاوڕەگەزخوازی نەخۆشی نییە تا چارەسەری وەربگرێت بەڵکو هاوڕەگەزخوازی شێوازێکی سروشتی بوونە. لەبەر ئەوەی هاوڕەگەزخوازی هەڵبژاردن نییه، ناتوانیت بیرکردنەوەی منداڵەکەت یاخود شوناسی ڕەگەزییان بگۆڕیت.

پەنابردن بۆ پزیشکی دەروونی یان توێژەری کۆمەڵایەتیی پیشەیی لە هەندێک حالەتدا یارمەتیدەرە بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسانی پسپۆر لە بواری شوناسی ڕەگەزی و کێشە خیزانییەکان. لەم هەنگاوەدا کەسانی پسپۆر یارمەتی دایکان و باوکان دەدەن لە تێگەیشتن لەوەی کە هاوڕەگەزخوازی لە ڕووی زانستی و پزیشیکییەوە چییە، هەڵە باوەکانیان بۆ ڕاست دەکەنەوە وە هەورەها ئامۆژگارییان پێشکەش دەکەن بۆ ئەوەی چۆن بە شێوەیەکی تەندروست و عەقڵانی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن وە ڕێنماییان بکەن کە چۆن منداڵەکانیان ئاراستە بکەن لە کاتی ڕووبەڕوونەوەیان لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە لە ئەنجامی خواستی جێندەرییەوە ڕووبەروویان دەبێتەوە.

هەروەها  پێویست دەکات دایکان و باوکان پەیوەندی ببەستن لەگەڵ ئەو خێزانانەی کە ئەزموونی هەبوونی خواستی هاوڕەگەزخوازی لە منداڵەکانیان کردووە چونکە ئەم هەنگاوە یارمەتییان دەبێت لە تێگەیشتن لە کاریگەری و ئاکامەکانی هەر ڕەفتار و کاردانەوەیەکیان بەرامبەر منداڵە هاورەگەزخوازەکەیان. بۆ نموونە ئایا ئەزموونی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵی هاوڕەگەزخواز هیچ سوودێکی هەبووە؟ وە یان قبوڵ کردن و گرتنە خۆی منداڵە هاوڕەگەزخوازەکە چەندە کاریگەری ئەرێنی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان خێزان و منداڵەکە هەبووە؟… تاد

خوێندنەوە و خۆ رۆشنبیرکردن لەسەر هاوڕەگەزخوازی

دوای ئەوەی دایکان و باوکان لە ئاکامی ئەنجامدانی هەنگاوەکانی پێشوودا هەست بە هەندێک ئاسوودەیی و ئارامی دەکەن، بیرکردنەوەیان کراوەتر دەبێ بۆ قبوڵکردن و زانینی زیاتر لەسەر هاوڕەگەزخوازی، بۆیە پێشنیار دەکرێت بەدوای سەرچاوەیەکی زانستیی متمانەپێکراودا بگەڕێن و دەست بکەن بە خوێندنەوە لەسەری.

گرنگە لێرەدا لەگەڵ منداڵەکەت گفتوگۆ بکەیت بۆ ئەوەی  لە هەستەکانی باشتر تێبگەی و زانیاری زیاتر لەسەر سروشتی خواستی ڕەگەزی منداڵەکەت وەربگریت؛ چونکە لە کۆتاییەکەی تەنیا کەسی هاوڕەگەزخوازە کە توانای زیاتری هەیە لەسەر پێناسەکردنی خواست و هەستەکانی خۆی.

ئایا منداڵەکەم لە داهاتوودا تووشی نەخۆشی ئایدز دەبێت؟

نەخۆشی ئایدز یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە خەلک تێروانینی نەرێنی هەڵەی لەسەر هەیە هەر دەستنیشانکردنی بەسە بۆ ئەوەی تووشبووەکە بە زیندووی بخانە لیستی مردووانەوە. ئەم تێڕوانینە چەوتە تەنیا کاریگەری نەرێنی لەسەر باری نەخۆشی و دەروونی تووشبووەکە نابێت بەڵکو کاریگەی نەرێنی لەسەر ئەوانەش دروست دەکات کە ئەگەری تووشبوونی نەخۆشییەکەیان زیاتر هەیە.

ئەوانەی کە دووچاری هۆمۆفۆبیا بوونە بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییەک لە نێوان هاوڕەگەزخوازی و ئایدزدا هەیە ئەوەش بۆ ترساندن و جیاکردنەوە و (هەوڵی چارەسەرکردنی) هاوڕەگەزخوازییە. لەڕاستیدا ڕێژەیەکی زۆری تووشبوانی ئایدز لە جیاڕەگەزخوازەکانن، ئەگەرچی ڕێژەیەکی بەرزی مردووان جیاڕەگەزخوازەکانن و تەنانەت منداڵی بچووکیشی تێدا هەیە بەڵام هێشتا گۆڕانکاری بەسەر ئەو تیڕوانینە هەڵەیە ڕووی نەداوە. کرداری خوێن گواستنەوە و دەرزی لێدان و بە کارهێنانی کەل و پەلی سەرتاشین و ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسی نا تەندروست (ئەگەر لە نێوان پیاو و ژنیش بێت) هۆکار گەلێکی جیاوازن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە.

لەبەر ئەوە ئەگەر منداڵەکەت هاوڕەگەزخوازبێت یاخود جیاڕەگەزخواز ئەوە ئەگەری تووشبوونییان بە نەخۆشی ئایدز وەکو یەکە ئەگەر هاتوو خۆیان لە هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە نەپارێزن.

دایک و باوکی خۆشەویست

ڕەنگە هەموومان کۆک نەبین لەسەر بابەتی هاوڕەگەزخوازی بەڵام هەموومان هاوڕایین لەسەر ئەوەی  ئەرکی یەکەمتان وەکو دایک و باوک ئەوەیە کە ئاگاداری خۆت و خێزان و منداڵەکانتان بن. لەڕاستیدا خوێندنەوەت بۆ ئەم وتارە و هەوڵدانت بۆ تێگەیشتن لەسەر هاوڕەگەزخوازی هەنگاوە یەکەمینەکانتانە بۆ پاڵپشتی کردنتان لە مندالەکانتان، بەم کارەتان ئەوەتان نیشانداوە داوە کە کراوەن بۆ وەرگرتنی زانیاری تازە.

لەبیرت بێت کە پێویستی هەر منداڵێک جیاوازە لەوەی تر، گرنگە بتوانیت پەیوەندییەکی تەندروست لەسەر پرسی خواست و شوناسی ڕەگەزی لەگەڵ منداڵەکانت دروست بکەیت. گرنگترین شت کە دەتوانیت بیکەیت ئەوەیە بە منداڵەکەت بڵێیت چەندە خۆشت دەوێت. خۆشەویستی فەزایەک لە نێوانتدا دروست دەکات بۆ ئەوەی ڕاستگۆیانە لەوێ لەسەر هەستی یەکتر قسە بکەن. لە ئاکامدا خێزانێکی یەکگرتوو و تەبا پێکەوە بنیات دەنێن.

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts