fbpx

دەربارەی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە

دەربارەی مافەکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە

ژیار عەلی

لە بەرواری [] بڵاوکراوەتەوە Feb 12, 2022

هاوبەشکردن:

02/01/2022
هاوڕێ ئەحمەد

تۆ بتەوێت یان نا، لەگەڵی بیت یان دژ، پێی قەڵس بیت یان ئاسایی بێت، بەشێک لە بوونەوەران و لە ناویاندا مرۆڤیش ھاوڕەگەزخوازن. مێژووی مرۆڤایەتی سەلمێنەری ئەوەیە کە ھاوڕەگەزخوازی دیاردەیەکی سرووشتییە و نامۆ نییە بە ئاکاری مرۆڤ. پێدراوە بایلۆژی و کۆمەڵایەتییەکان جوڵێنەری ھەستە جێندەرییەکانن.

مافەکانی مرۆڤ بۆ ھەمووانە و ھیچ ھەڵاوێردێک قبووڵناکات، ناکرێت تۆ بەرگری لە مافی پیاو بکەیت و دژی مافی ژن بیت، یان داوای مافی چەند کەمینەیەک بکەیت و دژی مافەکانی ئەوانی تر بیت.

سەرەڕای ئەوەی بە ئاماجگرتنی سیستماتیکانەی کەسانی سەر بە کۆمەڵەی پەلکەزێرینە تاوانی دژەمرۆڤایەتییە، بەڵام جاڕنامەیەکی تایبەتیش ھەیە بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەویش “بنەماکانی یۆگیاکارتە”یە، ئەم جاڕنامەیە بنەماگەلێکە بۆ مافی کۆمەڵگەی پەلکەزێرینە کە بە وردی لەسەر زۆر ئاریشە وەستاوە، ماوەیەک پێش ئێستا بەشێکیم بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێرا، لێرەدا بۆ بەرچاو ڕوونی چەند بەشێکی لێ دادەنێم:

یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ بە ڕەھایی ھەموو ھەڵاوێردنێکی قەدەغەکردووە لە سوودمەندبوونی مرۆڤ لە مافە سیاسی، مەدەنی، کلتوری، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ھەڵاوێردی مەیلی سێکسی، شوناسی رەگەزی، مەیلی رەگەزی و تایبەتمەندی سێکسی، دەوڵەت پێویستە ھەموو رێگایەک بگرێتەبەر لە پێناو بنەبڕکردنی دژایەتی پێشوەختە و ئەو لەمپەرو کۆسپە کولتووریانەی کە پیناسی پێشوەختەی پەراوێزخستن و باڵابوون دەدات بە یەکێک لە ڕەگەزە جیاوازەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی دانی بە مافەکانی مرۆڤدا ناوە کە ھەموو کەسێک مافی خۆیەتی بە ئازادی و بەرپرسیارێتیەوە بڕیار لە رەگەزی خۆی بدات.

زانراوە کە مەیلی سێکسی، شوناسی رەگەزی، مەیلی رەگەزی و تایبەتمەندی سێکسی بە جیاجیا یان بە یەکەوە بوونەتە ھۆکاری ھەڵاوێردن بەرانبەر مرۆڤ، زۆرکاتیش ئەم جیاوازیانە دەلکێندرێت بە شێوەکانی تری ھەڵاوێردنەوە ھەڵاوێردنێک لە چەشنی جیاوازی نەتەوە، رەنگ، رەگەز، زمان، ئاین، بیروڕای سیاسی، بنەچەی کۆمەڵایەتی، سامان، شوێنی لە دایک بوون، تەمەن، تەندروستی، پەنابەری و زگورتێتی یان ھەر بنەمایەکی تر.

مەیلی سێکسی (Sexual Orientation)، بە مانای ئەو ھەست و پەیوەستێتی و سەرەنجراکێشێتی و سۆز و پەیوەندییە سێکسییانە دێت کە کەسێک لەگەڵ ھەمان رەگەز یان رەگەزی بەرانبەر یان ھەردوو رەگەز ھەیەتی.

شوناسی رەگەزی (Gender Identity)، بە مانای ئەو ھەستە ناوەکی و ئەزموونە کەسێتییانە دێت کە کەسێک لە قوڵایی خۆیدا ھەستی پێدەکات، کە دەکرێت تەریب بێت بەو رەگەزەی کە لەکاتی لە دایکبووندا بۆی نوسراوەو دیاریکراوە یان بە پێچەوانەی ڕەگەزی دیاریکراوی خۆیەوە، وەکو ھەستی کەسەکە تایبەت بە جەستەی خۆی (کە دەکرێت جەستە و رواڵەت لە رێگەی نەشتەرگەری یان چارەسەری پزیشکیەوە دەستکاری بکرێت یاخوود بگۆڕدرێت) یان ھەر دەربڕینێکی مەیلی رەگەزی تر لە چەشنی; پۆشین، قسە و ھەلسووکەوت.

دەربڕینی مەیلی رەگەزی (Gender Expression)، بە مانای ئەو نمایشو دەربڕینە رەگەزییانە دێت کە کەسەکە لە رێگەی ڕواڵەتەوە دەریدەبڕێت وەکو پۆشین، شێوەی قژبڕینو ستایڵ، موورو و ملوانکەو جوانکاری ھەروەھا ھەڵسوکەوت و شێوازی قسەکردن و رەفتارو ناو، دەبێت ئەوە بزانرێت کە دەربڕینی مەیلی رەگەزی مەرج نییە ھاوتەریبی شوناسی رەگەزی کەسەکە بێت.

تایبەتمەندی سێکسی (Sex Characteristics)، بە مانای ئەو نیشانەو تایبەتمەندییانە دێت کە پەیوەستن بە ئۆرگانەکانی سێکسو کرۆمۆسۆمو ھۆرمۆن و تایبەتمەندییەکانی تر کە لەکاتی گەورەبووندا دەردەکەون.

ھەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک دەبێتو یەکسانن لە شکۆو مافدا، ھەروەھا ھەموو کەسێک بە بێ گوێدانە مەیلی سێکسی، شوناسی رەگەزی، دەربڕینی مەیلی رەگەزیو تایبەتمەندییە سێکسییەکان، مافەکانی پارێزراوە لە چێژوەرگرتن لە مافە گەردوونیەکانی مرۆڤ.

ھەمووان مافی خۆیانە چێژ لە مافەکانی مرۆڤ وەربگرن بەبێ ھیچ جۆرە ھەڵاوێردنێک لەسەر بنەمای مەیلی سێکسی، شوناسی رەگەزی، دەربڕینی مەیلی رەگەزیو تایبەتمەندییە سێکسییەکان، ھەمووان ئەو مافەیان ھەیە یەکسان بن بەرانبەر یاساو یاسا وەکوو یەک ھەمووان بپارێزێ بەبێ ھیچ جۆرە ھەڵاوێردنێک، یاساکان پێویستە گرەنتی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بنو ھەموو جۆرەکانی ھەڵاوێردکرن قەدەغە بکەن.

ھەڵاوێردکردن لەسەر بنەمای مەیلی سێکسی، شوناسی رەگەزی، دەربڕینی مەیلی رەگەزیو تایبەتمەندییە سێکسییەکان بە مەبەستی جیاکردنەوە، وەدەرنانو سنوردارکرن کە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ یان لەسەر یەکسانی بەرانبەر یاسا یان کاریگەری لەسەر ئازادییە بنەڕەتیەکان دەبێت، دەشێ ئەم ھەڵاوێردکرنانە ھاوکات لەگەڵ جیاوازییەکانی تر لە چەشنی نەتەوە، تەمەن، کەئەندامێتی، دین، تەندروستیو ئابووری بێت.

ئەم جاڕنامەیە دەوڵەت ئەکردار دەکات بە ھەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا سزایەکانو یاساکانی تر کە رێگرە لە ئازادییە سێکسیەکان لە نێو ھەمان رەگەز بە مەرجی سەرووی تەمەنی یاساییو رازیبوونی ھەردولا. گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە پێناو سەلامەتی ئەوانەی سەر بە گرووپە ھەمەجۆرە سێکسوالێتەکانن لە پێناو دڵنیابوون لە ئازادیو سەلامەتیو چێژوەرگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەک ئەو رێوشوێنە خۆی لە خۆیدا نەبێتە ھۆی جیاکاریکردن. دڵنیابوون لەوەی ھەموو کەسێک یەکسانە و مافی خۆیەتی چێژ لە مافە مەدەنییەکانی وەربگرێت، ھەمووان بەبێ ھیچ ھەڵاوێردنێک یەکسانن لە مافی واژۆکردنی گرێبەست، خاوەندارێتی، بەدەستھێنانی میرات، بەرێوەبەردن و موڵکدارێتی بێگوێدانە جۆرایەتی رەگەزی.

وتارەکەت بەدڵ بوو؟ ڕات چییە؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

  • Recent Posts